گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشنیازى نوێ

یەکلاکردنەوەى گرێی ماددەى 140 جارێکى تر دواخرا

2020.11.08 - 22:20
App store icon Play store icon Play store icon
یەکلاکردنەوەى گرێی ماددەى 140 جارێکى تر دواخرا

ناس کورد-

لیژنەى هەموارکردنەوەى دەستور لە پەرلەمانى عێراق دواخستنى یەکلاکردنەوەى کێشەکانى پەیوەست بە ماددەى 140ى تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکان راگەیاند.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

فەرمانگەى راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق (8ی تشرینی دووەمی 2020) لە بەیاننامەیەکدا که‌ وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە رایگەیاند، لیژنەکە کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنى ئەو ماددانەى لەکۆبوونەوەکانى پێشوودا دواخرابوون.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆدا گفتوگۆکراوە لەبارەى هەموارکردنەوەى ماددەى 140 و بڕیاردراوە یەکلاکردنەوەى ئەو پرسە دوابخرێت بۆ کۆبوونەوەى داهاتوو.

 

بەپێی بەیاننامەکە، پێشنیازى بەستنى کۆبوونەوەیەکى فراوان کراوە بەبەشدارى نوێنەرانى پێکهاتەکان لەسەرجەم پارێزگاکانى ناوچە جێناکۆکەکان.

 

ئەمە دووەمجارە یەکلاکردنەوەى ئەو پرسە دوادەخرێت، دواى ئەوەى لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستور (22ی ئەیلولی 2020) گفتوگۆکردنی لەسەر 16 مادەی دەستور کۆتایی پێهێنا، بەڵام گفتوگۆی لەسەر مادەی 140 دواخست.    

 

فەرمانگەى  ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق  (22ی ئەیلولی 2020) بڵاویکردەوە، مادەی 140 دواخراوە بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە، بۆ  ئەوەی سەرجەم ئەندامانی لیژنەکە ئامادەبن تا پێشنیازو بۆچوونەکانیان بۆ چارەسەری ئەو مادەیە بخرێنەڕوو.    

  

لیژنەکە ئاماژەی بەوەكردووە، پاش گفتوگۆکردن لەسەر مادەی 140، کارەکانی لیژنەکە کۆتایی دێت و دواتر بەرزدەکرێتەوە بۆ پەرلەمان.  

 

یونادم کەنا ئەندامى لیژنەکە (13ی تشرینی یەکەمی2020) بە ئاژانسى فەرمى عێراقى ڕاگەیاند، خاڵە ناکۆکەکان خۆیان دەبیننەوە لە ماددەى 140، سروشتى سیستەمى سیاسی کە کۆمارى بێت یان سەرۆکایەتى یان پەرلەمانى.  

  

وتیشى خاڵە ناکۆکەکانى دیکە پەیوەستن بە پێکهێنانى حکومەت، کوتلەى گەورە یان لیستى براوە حکومەت پێکدەهێنێت.  

  

بەوتەى یونادم کەنا، ماددەى 140 خاڵى سەرەکى ناکۆکییەکانى هەرێم و بەغدایە، بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەک لەنێوان کوتلە سیاسییەکان و سیاسەتمەدارانى کورد و لیژنەى گۆڕانکاریی دەستورى دەکرێت بۆ ئامادەکردنى داڕشتنى کۆتایی ماددەکە کە رەزامەندى هەموانى لەسەر بێت.