گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو وەزیر دەچنە پەرلەمان

دوو وەزیری حکومەتی هەرێم سبەینێ دەچنە پەرلەمان

2020.11.08 - 13:02
دوو وەزیری حکومەتی هەرێم سبەینێ دەچنە پەرلەمان

ناس کورد-

بڕیارە سبەینێ دوو وەزیر بچنە پەرلەمانی کوردستان و لەسەر پرسی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر شنگال لەگەڵ لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کۆببنەوە.

 

عەبدولناسڕ ئەحمەد، بڕیاردەری لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەماوەی ڕابردوودا یاداشتێکمان دایە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی هەردوو وەزیری ناوخۆ و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا بێنە پەرلەمانی کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا سبەینێ ئەو دوو وەزیرە دێنە پەرلەمان."

 

وتیشی: "کۆبوونەوەکە تەنها تایبەت دەبێت بە لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان نابێت، تیایدا پرسی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر شنگال تاووتوێ دەکرێت"

 

ئەو ئەندامەی لیژنەکە ئاماژەی بەوەشكرد: " ئەجێندای کۆبوونەوەکە ئەوە دەبێت کە بۆمان ڕوونبکەنەوە سوودەکانی ڕێککەوتنەکە بۆ کورد و خەڵکی شنگال چین، بەتایبەت کە زۆرینەی خەڵکی شنگال دژی ڕێککەوتنەکەن."

 

"هەروەها ئەگەر ڕێککەوتنەکە باشە، بۆچی لە ناوچەکانی دیکەش جێبەجێناکرێت و کێشەکانی کەرکوک و خانەقین و سەرجەم ناوچەکانی دیکەش چارەسەر ناکرێن."

 

ڕۆژی ھەینی (9ی تشرینی یەکەمی 2020)، ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاسایی کردنەوە دۆخی شنگال واژوو کرد و ڕێککەوتنەکەش بە مێژووی وەسفکرا.         

 

بەپێی دەقی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەناوی "ڕێکەوتنی گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ لە قەزای شنگال" کە بە سێ تەوەر جیاکراوەتەوە و کۆپیەکی دەست ناس کورد کەوتووە، لە تەوەری ئیدارییدا ھاتووە، قائیمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاریدەکرێت کە کەسێکی دەستپاک و پیشەیی و سەربەخۆ بێت و قبوڵکراو بێت، لەلایەن لیژنەی پێکھێنراوی ھاوبەش پۆستە ئیدارییەکانی تر دادەنرێت و پێویستە پیشەیی بوون و دەستپاکی و پێکھاتەی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگیرێت.        

 

لە دەقی ڕێککەوتنەکە کە لە بەرورای 1ی تشرینی یەکەمی 2020 لەلایەن حەمید ڕەشید فلەیح، وەکیلی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە نوێنەرایەتی حکومەتی ناوەند و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێم واژۆکراوە، سەبارەت بە میحوەری ئەمنی ڕونکراوەتەوە، پۆلیسی ناوخۆیی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتی ئاسایشی قەزاکە دەگرنە ئەستۆ.        

 

باسلەوەشکراوە، سەرجەم پێکھاتە چەکداریەکانی تر دەکرێنە دەرەوە و ٢٥٠٠ ئەندام بۆ ھێزی ئاسایشی ناوخۆیی دادەنرێن و ئاوارەکانی خێوەتگەکان کە خەڵکی شنگالن بەشداریان پێدەکڕێت، ھەروەھا کۆتایی بەبوونی پەکەکە لە شنگال و دەوروبەری دەھێنرێت و بونیان نامێنێت لەناوچەکە.