گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ئەم قسەنەیان پێبڵێ’’

پەرلەمانتارێکی یەکێتی بۆ بایدن: ئێوارەخوانێک بۆ سەرکردەی حزبە کوردییەکان ڕێکبخە

2020.11.08 - 11:41
پەرلەمانتارێکی یەکێتی بۆ بایدن: ئێوارەخوانێک بۆ سەرکردەی حزبە کوردییەکان ڕێکبخە

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی جۆ بایدن کرد و داوای لێدەکات، ئێوارەخوانێک بۆ سەرکردەی حزبە کوردییەکان ڕێکبخات و پێیان بڵێت: "خۆتان ڕێکبخەنەوە و تەبابن، ئەگەر یەک نەبن هەمووتان بچوکن، کە وەفدێکیشم ناردە هەرێم ئەم شار و ئەو شاری پێمەکەن".

 

عەباس فەتاح، ئەندامی فرکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، پەیامێکی ئاڕاستەی جۆ بایدنی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کردووە و نوسیویەتی: "بەڕێز کاک بایدن ئەوەی لەم دوو ڕۆژە بینیم لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکان دوای دەرکەوتنی ئەنجامە بەرایەکانی هەلبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا، بەرپرس و سەرکردەی حیزبە کوردستانیەکان پێشبرکێیان بوو لە ئاڕاستەکردنی بروسکەی پیرۆزبایی و بڵاوکردنوەی وێنەکانیان لەگەلت و بە دۆست و هاوڕێ ناویان دەبردی."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "مادام ئەوەندە دۆستمانی منیش پیرۆزباییەکی گەرمت لێدەکەم و داوایەکی دۆستانەت لێ دەکەم کە ئێوارەخوانێک ڕێکبخەیت و هەموو سەرۆکی حیزبەکانمان کۆبکەیتەوەو پێکیان بێنیەوە و پێیان بڵێ؛ من کاتێک دۆستتانم و دەتوانم هاوکاریتان بکەم کە خۆتان تەبابن و کەستان خۆتان بەگەورەتر لەیەکتر مەزانن، یەک نەبن هەموتان بچوکن."

 

باسی لەوەشكردووە، پێشیانبڵێ: "بۆ منیش واباشە کە وەفدێکم ناردە کوردستان بۆ هاوکاریتان ئەوەندە ئەو شارەو شارو ماڵەو ماڵ ناکات لە جێگەیەک هەمووتان دەبینێ، هیوادارم قبولی داواکەم بکەیت و هەر سەرکەوتوبیت."