گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پڕۆژەی بایدن لە عێراق

بايدن عێراق دابەش دەکات بۆ سێ هەرێمی جیاواز؟

2020.11.08 - 10:43
App store icon Play store icon Play store icon
بايدن عێراق دابەش دەکات بۆ سێ هەرێمی جیاواز؟

ناس کورد-

ڕۆژنامەنوسى دەزگاى فۆڕن ئەفێرز لە ئەمەریکا و چاودێرى سیاسى عێراقى لە واشنتۆن، ڕیاز محەمەد دەڵێت، هەزار جار پرسیارم لێکراوە لەبارەى پلانى بایدن بۆ دابەشکردنى عێراق، ئەمەش وەڵامەکەیە، "بایدن هیچ پلانێکى وەهاى نییە".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕوونکردنەوەیەکدا لە هەژمارى فەیسبوکی خۆی  کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە (8تشرینى دووەمى 2020)، ڕیاز محەمەد نوسیویەتی: "لە ساڵی 2006 وتارێک لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوکرایەوە کە تێیدا پێشنیازی دروستکردنی سێ هەرێمی کردبووە لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدڕاڵ، و بەغداش  وەک شارێکی فیدراڵی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی توندوتیژی  تائیفی کۆتایی پێێت".

 

ڕۆژنامەنووسە عێراقییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "بایدن لە ساڵی 2009 تا وەکو  2017 جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بوو، بەڵام عێراقی نەکرد بە سێ هەرێمەوە، چونکە باردۆخی شەری تائیفی کۆتایی هات".

 

ڕیاز محەمەد دەشڵێت: "بیرۆکەی دابەشکردنی عێراق بەهیچ شێوەیەک لە مێشکی بایدندا نییە، بەڵکۆ تەنها لە مێشک ئێوەدا ئەو بیرۆکەیە بوونی هەیە".

 

بیرۆکەی دابەشکردنی عێراق لەگەڵ هاتنی جۆ بایدن بۆ کۆشکی سپی ماوەیەکی زۆرە بووەتە جێگای مشتومڕی سیاسیە عێراقییەکان بەتایبەتی  بەشێک لە سیاسییەکانی کورد و سونە کە پێیان وایە بایدن لەدوای دەستبەکاربوونی پێدەچێت عێراق دابەشبکات بۆ سێ هەرێمی کوردی سونی شیعی.

 

دوو ڕۆژ پێش یەکلاییبوونەوەى ئەنجامەکان، زوبێرعوسمان، ئەندامی سەرکردایەتى یەکێتى لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک کە ناس کورد بینیوویەتی نوسیبووی، "تا ئیستا سەرۆکایەتی ئەمریکا 44 سەرۆکی گۆڕیوە، بەڵام گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ لە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە پرسی کورد بەدی نەهاتووە کە کورد خۆی بەشێکە لە سیاسەتی نادروست و زیانگەیاندن بە خۆی".

 

زوبێر عوسمان ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆکێکی هاوسەنگ و دامەزراو و جێگیر لەرووی دەروونی و کەسایەتی بەهێز گرنگە، هەر بۆیە هیوادارە جۆبایدن بیباتەوە "بەڵکو وەکو ستراتیژ کار لەسەر دابەشکردنی عیراق بکات بۆ سێ هەرێمی کورد، شيعە، سونە و لەم قۆناغەدا عێراقی فیدرال بگۆرێت بۆ عێراقی کۆنفیدراڵ".

 

هاوکات ناجح میزان، سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆنی سونەکان دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە میانەی بڵاوکردنەوەی تویتێک کە ناس کورد بینوویەتی نوسیویەتی:"  دابەش کردنی عێراق بەڕێوەیە، یاخوا بەخێربێت".

 

بەڵام بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی کە بەشێک لەسەرکردەکان وسیاسییەکانی عێراق باوەڕیان پێ هەیە لە بارەی دابەشکردنی عێراق بۆچەند هەڕێمێک لەکاتی بوونی بایدن بە سەرۆکی ئەمەریکا، وەفیق سامەڕایی، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی پێشووی عێراق لەسەردەمی ڕژێمەکەی سەدام حسێن دەڵیت، "پێدەچێت بایدن ڕەچاوی تایبەتمەندی عێراق وهێزە سەربازییەکەی بکات، چونکە بەهەند وەرگرتنی ئەو تایبەتمەندییە زۆر هەستیار و گرنگە بۆ دروستکردنی هاوسەنگی هێز لەناوچەی کەنداو".

 

دەشڵێت، "بایدن ئەگەری هەیە سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق هێور بکاتەوە، بۆیە چانسی ئەوە نییە جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ پڕۆژەی دابەشکردنی عێراق کە ناسراوە بە (پڕۆژەی بایدن لە عێراق)."