گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دەتوانین لەژێرەوە ڕێکبکەوین’’

خەڵکی کوردستان دەنگ بە کازمی دەدەن؟.. هەڵوێستی فەرمی پارتی لەو بارەیەوە

2020.11.08 - 09:04
App store icon Play store icon Play store icon
خەڵکی کوردستان دەنگ بە کازمی دەدەن؟.. هەڵوێستی فەرمی پارتی لەو بارەیەوە

ناس کورد-

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە هاووڵاتیانی هەرێم بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق، دەنگ بە مستەفا کازمی نادەن، دەشڵێت، پێناچێت بتوانین هیچ هاوپەیمانێتیەک لەنێوان حزبە کوردییەکاندا دروست بکرێت بۆ هەڵبژاردن، بەڵام دەکرێت لەژێرەوە ڕێککەوتن هەبێت.  

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە دەنگی ئەمریکای ڕایگەیاند: "هەموو لایەنێک بۆی هەیە پاڵپشتی کاندید بکات، بەڵام پێموانییە مستەفا کازمی لە هەرێمی کوردستان دەنگ بهێنێت، کوردستان خەڵکی خۆی و کاندیدی خۆی هەیە، مستەفا کازمی لەو شوێنەی خەڵکی هەیە، دەتوانێت لەوێ پشتگیری کاندید بکات و خۆی کاندید بکات."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: " هەڵبژاردنی داهاتوو لەسەر بنەمای تاک ئەنجام دەدرێت، گەر حیزبەکان بچنە هەڵبژاردنەوە، دەبێت تاک کاندید بکەن، چونکە یاساکە وایە، بەوهۆیەوە پێناچێت، بتوانین هیچ هاوپەیمانێتیەک وەکو هاوپەیمانیی کوردستانی جاران دروست بکەین، بەڵام دەکرێت لە ژێرەوە لایەنەکان پشتیوانی یەک بین، تا دەنگی کورد بەفیڕۆ نەڕوات و کورسی زیاتر بهێنین."

 

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، پێشیوایە ژمارەی کورسیەکانی کورد لەپەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کەم ناکات، بەڵکو زیاتر دەکات و دەڵێت: " ئێمە لەگەڵ یەک بازنەیی بووین بۆ عێراق و بۆ ئێمە یەک بازنە بووایە باشتربوو، چونکە دەنگەکانمان لە بەغدا و بەسرەو کوت بە فیڕۆ نەدەچوو، بەڵام هەموو شت بەدڵی ئێمە نابێت و ناتوانین هەموو شت لەپەرلەمان تێپەڕێنین، سەرباری ئەوەش، ئێمە خۆمان دەگونجێنین لەگەڵ یاساکە و هەوڵ دەدەین، کورسی زیاتر بهێنین و دەنگەکانمان بەفیڕۆ نەچێت."

 

سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، خەسرەو گۆران پێیوایە هەڵبژاردن چەند مانگێک دوادەخرێت و دەڵێت: "ڕەنگە فریا نەکەون، بەڵام ڕەنگە لە پایزی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت."