گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوایەک لە بایدن دەکات

ئیخوان موسلمین پیرۆزبای لە بایدن دەکات و هیوای ’’تەمەنێکی درێژی’’ بۆ دەخوازێت

2020.11.08 - 09:02
ئیخوان موسلمین پیرۆزبای لە بایدن دەکات و هیوای ’’تەمەنێکی درێژی’’ بۆ دەخوازێت

ناس کورد-

کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین پێشوازی لە بردنەوەی جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکانی کرد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و ڕایگەیاند، بردنەوەی بایدن لەو هەڵبژاردنەدا ئەوە ڕاستییە دەسەلمێنێت کە تائێستا گەلی ئەمەریکا توانای سەپاندنی بیروبۆچوونەکانی خۆی هەیە ودەتوانێت گۆڕانکاری بکات.

 

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێک کە لەلایەن ئیبراهیم مونیر، ڕابەری کۆمەڵەکەوە واژۆکراوە و ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە ( 8ی تشرینی دووەمی 2020) هاتوو: "کۆمەڵی ئیخوانن موسلمین ستایشی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دەکات کە بوو بەهۆی ئەوەی جۆ بایدن، پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەدەست بهێنێت".

 

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "بردنەوەی بایدن ئەوە دەگەیەنێت کە تائێستا گەلی ئەمەریکا توانای سەپاندنی بیرۆبۆچوونەکانی خۆی هەیە ودەتوانێت گۆڕانکاری بکات".

 

کۆمەڵەکە "هیوای ژیانێکی شکۆمەند بۆ بایدن و گەلی ئەمەریکا" دەخوازێت "لەژێر سایەی پرنسیپەکانی ئازادی، دادپەروەری ودیموکراسی ورێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ".

 

داواشی لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا کردووە پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی خۆی بکات لە پاڵپشتیکردنی دیکتاتۆرەکان لە جیهاندا و ڕایگەیاند: "ئەو سیاسەتانەی کە گەلەکان فەرامۆش دەکات و تەنها پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمە سەپێنراوەکاندا دروست دەکات هەڵبژاردەیەکی باش نییە و مێژووش ئەولایەنە هەڵەیە سەرکۆنە دەکات".

 

شەوی ڕابردوو (7ی تشرینی دووەمی 2020) جۆبایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بردنەوەی خۆی لەو کێبڕکێیەدا ڕاگەیاند و بووە 46مین سەرۆکی ئەو وڵاتە، ئەوەش دوای ئەوەی کە توانی لەولایەتی پەنسیلڤانیا زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت کە یەکێکە لە ولایەتە یەکلاکەرەوەکان.