ناس کورد-
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی مەرجێک بۆ مانەوەى پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دادەنێت و دەڵێت، ئەگەر دەیەوێت لە هەرێمی كوردستاندا بمێنێتەوە، "دەبێت ملكەچی یاساكانی هەرێم بێت."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی لە پۆستێکیدا لە فەیسوکی خۆی کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (8ی تشرینی دووەمی 2020) دەڵێت، ”بەناو ڕۆشنبیر و خۆ بە دڵسۆزنانان لە جیاتی ئەوەی داوا بكەن شەڕ لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەكەكە ڕوو نەدات، پێویستە داوا بكەن پەكەكە دەست لە پروپاگەندە و گێچەڵكردن بە دامودەزگا شەرعییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبگرێت و چەكدارەكانی بباتە توركیا و هەوڵبدات دەڤەری ڕزگاركراو لە باكوری كوردستان دروست بكات و گەریلاكانی لەوێ چالاكی بۆ ئازادكردنی شار و گوندە داگیركراوەكان بكەن".
لەبارەى مەرجەکەى، عەلی عەونی ئاماژەى بەوەشکردووە "ئەگەر پەكەكە دەیەوێت لە باشوری كوردستان بمێنێتەوە، پێویستە ملكەچی هەموو یاساكانی هەرێمی كوردستان بێت و دان بە شەرعیەتی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بنێت".
جەختیشی کردووەتەوە کە "لە باشوری کوردستاندا یەک ھێز شەرعییە و رێگە پێدراوە چەکدار بێت، ئەویش ھێزی پێشمەرگەی کوردستانە، ”ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئازادە لە ناو سنوورە فەرمییەکانی باشووری کوردستان لە ھەر شوێنێک بە پێویستی بزانێت، بارەگای ھەبێت و جووڵە بکات".
هۆشداریشی داوە كە هێزەكانی پەكەكە "بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە لایەنە فەرمییەكان و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، مافی هاتوچۆیان نییە، چ جای ئەوەی بازگە بۆ وەرگرتنی باج و خاوە و سەرانە دابنێن".
ئەوەش لەکاتێکدایە، له چهند رۆژی رابردوودا له سنووری ناحیهی چهمانكێی سهر به قهزای ئامێدی له سنووری پارێزگای دهۆك، گرژی و ئاڵۆزیی سەربازیی لەنێوان هێزەکانی نزیک لە پارتی و گەریلاکانی پەکەکەدا ڕوویدا و تیایدا پێشمەرگەیەک گیانیلەدەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون.
ئەگەرچی میدیاکانی پارتی باس لەوەدەکەن کە پەکەکە هێرشی ئەنجامداوە، بەڵام پەکەکە ئەوە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەوان هێرشیانکردووە.
دوێنێ شەممە لەڕاگەیەندراوێکدا ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ڕایگەیاند:" هەندێک ڕێکخراو و دەزگای راگەیاندن باسیان لەوە کردووە کە لە 4ی تشرینی دووهەمی 2020دا لە ڕووداوێکدا لە نزیک گوندی بێبابێ سەر بە چەمانکێ، گوایە هێزەکانی ئێمە هێرشێکیان ئەنجامداوە، بەڵام ئەو هەواڵ و لێدوانانەی لەو بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە، ناڕاستن."
ئاماژەی بەوەشكردووە: "هێزەکانمان هیچ هێرشێکیان ئەنجام نەداوە، بەڵکو ئەوان لە دوو قۆڵەوە بەشێوەی ئۆپڕاسیۆن هاتوونەتە ناو ئەو کەمپەی هێزەکانی ئێمەی تێدایە، رووداوەکە بەم شێوەیەیە."
هەپەگە لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو: " ئێمە دڵگرانین لە ڕووداوێکی لەم چەشنە، پێشووتریش بۆ ئەوەی ڕووداوی بەمشێوەیە ڕوونەدات، بە ڕێگای لێدوان و بانگەوازی هۆشداریمان دابوو."