گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەخشەی هەڵبژاردنی عێراق

تویژینەوەیەك نەخشەی هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی عێراق ئاشكرا دەكات

2020.11.07 - 20:32
App store icon Play store icon Play store icon
تویژینەوەیەك نەخشەی هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی عێراق ئاشكرا دەكات

ناس کورد-

 توێژینەوەیەكی گۆڤاری ئایندەناسی، تیشك دەخاتە سەر سیناریۆكانی هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی عێراق و نەخشەی هێزە بەشدارەكانی ئەم هەڵبژاردنە بە سێ جەمسەر دیاریی دەكات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

توێژینەوەكە كە "یاسین تەها" ئامادەی كردووە، لە دوا ژمارەی گۆڤاری ئایندەناسی (4) ئەمڕۆ (7 تشرینی دووەمی 2020) بەناونیشانی "هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی عێراق، خوێندنەوەیەكی پێشوەختە" بڵاوكراوەتەوە و "ناس كورد" خوێندنەوەی بۆ كردووە، باس لەوە دەكات ئەگەری رێگری دروستكردن و پەكخستنی هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی حوزەیرانی 2021  هەموو كاتێك هەیە بەتایبەت ئەگەر یاساكە بەجۆرێك بێت كە لەبەرژەوەندی هێزە تەقلیدییەكان نەبێت، ئەوانەی لە فرەبازنەیی زەرەرمەند دەبن و كوتلەی دەنگدەری گەورە و كۆیان نییە (دەوڵەتی یاسای مالیكی) و دەنگدەرەكانیان پەرش و بڵاوە بەردەوام دژی دەوەستنەوە، بەڵام ئەگەری سازكردنی زیاترە بەهۆی گوشاری سیستانی و پاڵپشتی نەتەوە یەكگرتووەكان.

 

توێژینەوەكە ئەوەش دەخاتەڕوو نەخشەی هێزە سیاسییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی عێراق لەسەر سێ ئاڕاستە بنەڕەت دەبێت؛ هێزە كۆمەڵایەتی و گەنجانەكانی خۆپیشاندەر كە هێشتا بەتەواوەتی نەخەمڵیون، هێزە تەقلیدییەكانی پاڵپشتی خۆپیشاندەر، هێزە نەیار و ڕكابەرەكانی خۆپیشاندان، لەم نێوانەشدا هەندێ لە هێزە كۆنەكان هەوڵی خۆ نمایشكردن دەدەن لە قاڵبی هێز و لەژێر ناوی نوێدا.

 

هەروەها باسی لەوەش كردووە، پرسیار و ئەگەر و شیكار و لێكدانەوەی جیاجیا هەیە لەسەر پێگەی سەرۆك وەزیران لە هەڵبژاردنی داهاتوو، ئایا لیست دروست دەكات؟ ئەگەر دروستی كرد لەكێ پێكدێت؟ ئەگەر دروستی بكات ئەگەری سەركەوتنی چەندە؟ ئەگەریش دروستی نەكات ئایا چانسی هەیە بمێنێتەوە؟ ئەم دۆسیەیە تا ئێستا بەفەرمی بێدەنگی لێ دەكرێت، بەڵام ئەگەر كازمی لیستی راستەوخۆش دروست نەكات ـ ئەگەرێكی دوورە ـ بێگومان ناڕاستەوخۆ دەچێتە پشت هەندێ لەو هێزە مەدەنی و كۆمەڵایەتییە نوێیانەی لەهەناوی خۆپیشاندانەكانەوە لەدایك دەبن، هەر هیچ نەبێ بۆ مسۆگەركردنی دۆزینەوەی پێگەیەكی پەڕلەمانی بۆ خۆی لە خولی داهاتوودا.

 

لە كۆتاییدا توێژینەوەكە دەگاتە ئەو ئەنجامەی كە ئەگەر هەڵبژاردن سەریگرت بەو سیستمی فرە بازنەییە ئەوە كێشەی قووڵتر و گەورەتر بۆ دروستكردنی زۆرینەی سیاسی لە پەڕلەمانی داهاتوودا دروست دەبێت بەهۆی پەرتەوازەیی كورسییەكان و بەئەستەم لیستی پەڕلەمانی زۆرینە دروست دەبێت كە (50+1) كورسییەكانی هەبێت تا كاندیدی سەرۆك وەزیران پێشكەش بكات.  

 

ئایندەناسی گۆڤارێكی وەرزییە و سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی (سلێمانی) دەریدەكات. هەر ئەم سەنتەرەش گۆڤاری زانستی (الدراسات السياسية والأمنیة) و رانانێكی مانگانە بڵاودەكاتەوە، ئەركی "ئایندەناسی" ش بەوە دیاری كراوە كە گرنگیدانە بە لێکۆڵینەوەکانی ستراتیژی و ئاییندەیی بە تەوەرێتی و گرنگیدانی بە کوردستان و هەرێمایەتی و دۆخی نێودەوڵەتی و ئەمڕۆ ژمارەی (4) بڵاوكرایەوە.