ناس کورد-
سەرۆک کۆمارى ئێران ڕایدەگەیەنێت، هیواخوازن ئیدارەى نوێی ئەمەریکا پەندى لە چەند ساڵى ڕابردوو وەرگرتبێت و ئیدى مل بۆ یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بدات و بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاژانسى ئێرناى ئێرانى لە هەواڵێکیدا کە ناس کوردى بەدواداچوونى بۆ کردووە (7ى تشرينى دووەمى 2020) دەڵێت، ڕۆحانى لە میانەى کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا ڕایگەیاندووە، هیوادارن ئیدارەى نوێ ئەمەریکا لەوە تێبگات کە سزا سەپێنراوەکانى سەر ئێران لەلایەن ئەو وڵاتەوە هیچ ئامانجێکى خۆى نەپێکاوە.
ڕۆحانى وتووشیەتى، "دەبێت ئیدارەى نوێ ئەمەریکا پەند لە سێ ساڵى ڕابردوو وەربگرێت و یاساو بڕیارە نێو دەوڵەتیەکان جێبەجێ بکات و پابەندى جێبەجێکردنى ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە بێت."
ڕۆحانى ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، گەلى ئێرانى بەرهەمى ئارامگرى چەند ساڵەى خۆیان دەچننەوە کە توانییان بەهۆى سەپاندنى سزاکان و چەندین قەیرانى ترەوە خۆڕاگربن.
ڕۆحانى دەشڵێت، وڵاتەکەى بەشێوەیەکى بێ وێنە بەرەنگارى تیرۆرى ئابورى ئەمەریکا بوویەوە و لەسەر ئەو خۆڕاگریەش بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەى ئەمەریکا مل بۆ یاسا و بڕیارە نێو دەوڵەتیەکان دەدات.
ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر سەرۆک کۆمارى ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەى بەلایەوە گرنگ نیە کێ پۆستى سەرۆکایەتى ئەمەریکا دەباتەوە، بەڵکو ئەوەى بەلاوە گرنگە واشنتۆن پابەندى یاسا نێو دەوڵەتیەکان بێت و سزا سەپێنراوەکانى سەر وڵاتەکەى هەڵبگرێت