ناس کورد-
سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، ژمارەى ئەو کەسانەى دەبێت یاساى چاکسازیی بیانگرێتەوە زیاترە لەو ژمارەیەى کە حکومەت باسی دەکات و بڕیارى راگرتنى موچەکانیانی داوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هەفتەى ڕابردوو حکومەتی هەرێم راگرتنى موچەی 16 هەزار و 505 موچەخۆرى راگەیاند، بەهۆى ئەوەى زیاد لە موچەیەکیان هەبووە.
زیاد جەبار، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان (7ی تشرینی دووەمی 2020) بە ناس کوردى راگەیاند، "پێموایە ئەو ژمارەیە لەوە زیاترە کە حکومەت رایگەیاندووە".
وتیشى، "ڕاگرتنى ئەو موچانە سەرجەمیان لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازییدایە".
زیاد جەبار باسى لەوەشکرد، لەو راپۆرتەى لیژنەکەیاندا کە لەسەر راپۆرتەکەى حکومەت لەسەر جێبەجێکردنى یاساى چاکسازیی ئامادەیدەکەن، هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکەى حکومەت دەکەن و سەرنج و پرسیارى خۆیان لەو بارەیەوە دەخەنەڕوو.
بەپێی ئامارەکانى حکومەتى هەرێم، ئەو 16 هەزار و 505 كەسەى فرە موچەی نایاساییان ھەیە راگیراون، بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی (3)ی یاسای چاکسازی بە نایاسای هەژماردەکرێن كە بەمشێوەیە پۆلێن كراون:
- هەزار و 138 كەس دووبارە تۆمار کراون وەک فەرمانبەر. واتە دوو مووچەی فەرمانبەرییان ھەیە.
- سێ هەزار و 891 وەک فەرمانبەر و خانەنشین تۆمار کراون. واتە مووچەیەكی فەرمانبەری وەردەگرن و مووچەیەكی خانەنشینی.
- پێنج هەزار و 734 دووبارە لە خانەنشین تۆمار کراون. واتە دوو مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.
- پێنج هەزار و 742 دووبارە لە کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمار کراون. واتە دوو مینحەی وەزارەتی كار وەردەگرن.