ناس کورد-
ڕۆژنامەیەکى ئیسرائیلى لەسەر زارى چەند بەرپرسێکى باڵاى ژمارەیەک لە وڵاتانى عەرەبیەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەگەرى بردنەوەى بایدن ترسى لەلا دروستکردوون بەوەى ئەمەریکا ڕێککەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ ئێران زیندوو بکاتەوە و سزاکانى سەری هەڵبگرێت و بەوەش ئەوان دەکەونە بەردەم مەترسی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕۆژنامەى (إسرائيل اليوم) لەسەر زارى چەند بەرپرسێکى باڵاى وڵاتانى عەرەبى کە یەکێک لەو وڵاتانە سعودییەیە و ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە (6ى تشرینى دووەمى 2020) بڵاویکردووەتەوە، ترسى بەرپرسانى عەرەب لەبارەى وڵاتانى دەرەوە لەسیاسەتەکانى بایدن سەرچاوەى نەگرتووە، بەڵکو ترسى ئەوان لەو ڕاوێژکارانەى دەوروبەرێتى و بەشدارن لەدروستکردنى بڕیاردا.
بەرپرسێکى سعودییە بەڕۆژنامەکەى ڕاگەیاندووە، گومانێک لەسەر ئەوە هەیە ئەگەر بایدن سەربکەوێت ئەوا ڕێککەوتنێکى نوێی ئەتۆمى لەگەڵ ئێراندا ئەنجامبدات .
ڕونیشیکردووەتەوە، ئەگەر بایدن بەرەو ئێران هەنگاو بنێت ئەوا بەتەنها ئەوان و ئیسرائیل بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەڕەشەکانى ئێران دەمێننەوە و ئەوکات هاوپەیمانیى نێوان ئیسرائیل و وڵاتانى عەرەبیش بەهێزدەبێت.
لاى خۆشیەوە بەرپرسێکى باڵاى ئیماراتیش بە ڕۆژنامەکەى وتووە، ئەو جۆرە سیناریۆیە دەرفەت بەئێران دەدات لەماوەیەکى کورتدا ببێتە خاوەن چەکى ئەتۆمى و تەواوى ناوچەکە بخاتە مەترسیەوە و بەردەوامبێت لە پاڵپشتیکردنى ڕێکخراوە توندڕەوەکان، بەوەش نەک تەنها ڕۆژهەڵات، بەڵکو هەڕەشە بێت بۆ هەموو جیهان.
هاوکات ڕۆژنامەکە لەسەر زارى دوو بەرپرسى وڵاتانى بەحرەین و میسرەوە بڵاویکردووەتەوە، بردنەوەى بایدن هاوپەیمانیى هەرێمایەتى لەگەڵ ئیسرائیلدا پەکدەخات و ترسیان لە زیندوو کردنەوەى ڕێککەوتنامە ئەتۆمیەکە هەیە، بەوەش وڵاتانى وەکو سودان و بەحرەین و ئیمارات متمانەى ئەمەریکا لەدەستبدەن.