گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە پەکەکەوە بۆ ئەمریکا

پەیامێکی توند لە پەکەکەوە بۆ ئەمریکا لەبارەی گرژییەکانی لەگەڵ پارتی

2020.11.06 - 17:33
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامێکی توند لە پەکەکەوە بۆ ئەمریکا لەبارەی گرژییەکانی لەگەڵ پارتی

ناس کورد-

کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) وەڵامى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکای دایەوە و دەڵێت، لەکاتى ئۆپراسیۆنەکانى پارتى بۆ سەر هەرێمى گارێ پەکەکە ویستى ڕێگرى لەشەڕ بکات، بەڵام شەڕ ڕوویدا و خەسارى گیانى لێکەوتەوە بۆیە ئەوان لەو کارە بەرپرسیارنین، دەشڵێت، نابێت ئەمەریکا ڕۆڵى نەرێنێ بگێڕێت و پەیوەندی نێوان لایەنە کوردییەکان قوڵتر بکاتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەجەکە لەڕاگەیەندراوێکدا (6ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند: " رۆژی 4ی تشرینی دووەم، لەكاتی ئۆپەراسیۆنی هێزەكانی پارتی لە دژی هەرێمی گارێ گەریلای ئازادی كوردستان بەو پەڕی وریاییەوە هەوڵماندا رێگری بكەین لە شەڕ و پێكدان، بەڵام بەداخەوە بە هۆی سووربوونی پارتی لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن خەساری گیانی هاتە ئاراوە كە بەرپرسیارێتییەكەی بە تەواوی لە ئەستۆی ئەو ئیرادەیەیە كە جوڵەی بەو هێزە چەكدارانە كرددوە." 

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: " لەكاتێكدا كە رای گشتی گەلی كوردستان لە هەر چوار پارچەی نیشتمان و بەتایبەت هێز و لایەنە سیاسییەكان، رۆشنبیران، كەسایەتییە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان داوای هێوركردنەوەی دۆخەكە و ئەنجامدانی دیالۆگ دەكەن، یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەجیاتی ئەوەی داوای كۆتایی هێنان بە گرژییەكانی بكات بە لێدوانێكی نابەرپرسیارانە هەوڵیدا ئاگری شەڕ و ناكۆكی گەشتر بكات و ورە بداتە ئەو لایەنە ناوخۆیی و هەرێمیانە كە دەیانەوێت ئاگری شەڕی كورد-كورد خوەش بكەن." 



کەجەکە باسی لەوەشکردووە: "ئەم لێداوانەی یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لێدوانێكی بە تەواوی ئاژاوەگێڕانەیە، دوورە لە راستی و لەسەر بنەمای بە پێچەوانە نیشاندانی رووداوەكان ئامادە كراوە." 

 

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەجیاتی ئەوەی لەشكركێشی و داگیركاری توركیا بۆ سەر خاكی باشووری كوردستان و ئێراق رەخنە بكات، بە هەموو جۆرێك پشتیوانی لێی دەكات و هانی دەدات، دەوڵەتی ئەمریكا نەك تەنیا لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنی داگیركاری دەوڵەتی توركیا و تاوانەكانی شەڕی ئەردۆغان دەنگ هەڵنابڕێ، بەڵكو هەوڵدەدات بە پشتیوانییكردن لە سیاسەتی چەواشەكارانە و شەڕخوازانەی پارتی، كەشی نیگاتیفی پەیوەندی نێوان هێزە كوردییەكان قووڵتر بكاتەوە." 

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا کەجەکە دەڵێت: "ئێمە ئەم لێدوانەی یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەركۆنە دەكەین و بانگەوازیی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلی كورد و بە تایبەتی گەلی باشووری كوردستان، هێز و لایەنەنە سیاسیەكان و رۆشنبیران دەكەین، كە لە بەرامبەر ئەم لێدوانە ئاژاوەگێڕانە وریا بن و هەوڵدانەكانی خۆیان لەپێناو ئارامی و چارەسەری كێشەكان چڕ بكەنەوە." 

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە چەمانکێ کرد و ڕایگەیاند: "پشتگیریی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر".