ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، محەمەدیشێخ وەهاب بە فەرمانی دادگای خانەقین – قۆرە توو لە گرتووخانەی گەرمیان لە قەزای کەلار ڕاگیراوە، لەسەر ئەو تۆمەتانەى روبەڕووى کراوەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەریم عەلی، ئەندامی فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەناس کوردی ڕاگەیاند ( 6ی تشرینی دووەمی 2020)، "دۆسیەکەی محەمەدی شێخ وەهاب لە ئێستادا رێکاری یاسایی خۆی گرتووەتە بەر، بە فەرمانی دادگای خانەقین – قۆرە توو لە گرتووخانەی گەرمیان لە قەزای کەلار ڕاگیراوە".
لە( 6ی تشرینی یەکەمی) ڕابردوو بە تۆمەتی ساختەکردنی وەسڵ لە مەرزی پەروێزخانی نێودەوڵەتی، دادگای گەرمیان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ (محەمەد شێخ وەهاب) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەرکرد و تا ئێستا دوو جار چووەتە بەردەم دادگا.
پێشتر ئازاد حەمە ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێکیدا بۆ ناس کوردی ڕاگەیاندبوو "محەمەد شێخ وەهاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە 25 و26ی ئەم مانگەدا چووەتە بەردەم دادگای خانەقین – قۆرەتوو، چونکە کەیسەکەی پەیوەندی بە ناحیەی قۆرەتوو هەیە کەسەر بە قەزای خانەقینە".
وتیشی "ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر داوای دادگا بەفەرمی ئاگاداری ناوبراوی کردووەتەوە کە دەبێت پابەندی چوونە بەردەم دادگا بێت، لەئێستادا ئەنجومەنی پارێزگا هیچ ڕێکارێکی بەرامبەر محەمەد شێخ وەهاب نەگرتووەتە بەر، چاوەڕێی ئەنجامی دادگا دەکەین".
محەمەد شێخ وەهاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان (25ی تشرینی یەکەمی 2020) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک ڕایگەیاند " ماوەی دوو ھەفتەیە ھەموو قاچاغی و تەزویر کردن لە دەروازە سنوریەکانی باشماخ و پەروێزخان خراوەتە سەر من، وەک ئەوەی بڵێیت من کردومە."
ئاماژەی بەوەشكردووە "ئەمڕۆ سەربەرزانە ڕۆشتمە بەردەم دادگا، نە ھەڵھاتووم نە بۆ ھیچ کوێیەک دەچم، ملم لە موو باریکترە بەرامبەر یاسا."
ئەندامەکەی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشكردووە "من خاوەنی 10 ملیۆن دۆلار نیم، ھەرکەسیش گومان دەکات 10 ھەزار دۆلارم پێبدات، گەردنی ئازاد بێت نۆ ملیۆن و 990 هەزار دۆلار بۆ خۆی ."