ناس کورد-
بەپێی ئەنجامى راپرسییەکى ئەمریکى، لە 70%ی هاووڵاتییە موسڵمانەکانی ئەمەریکا دەنگیان بە جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتییەکاندا داوە لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی ڕاپرسییەکی "ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکی ئیسلامی" کە ناس کورد بە داواداچوونی بۆ کردووە ( 6ی تشرینی دووەمی 2020) ، لە 70%ی هاووڵاتییە موسڵمانەکانی ئەمریکا دەنگیان بە جۆ بابدن، کاندیدی دیموکراتییەکان داوە لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەکۆی زیاتر لەسێ ملێون و450 هەزار هاووڵاتی ئەمریکی موسڵمان کەڕێژەکەیان دەکاتە نزیکەی 1.1% لە کۆی گشتی دانیشتوانی ئەو وڵاتە، لە 70%یان دەنگیان بە دیموکراتەکان داوە.
ڕاپرسییەکە لە ژێر ناونیشانی "ڕاپرسی دەنگدەرە موسڵمانەکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا 2020" ئەنجامدراوە و ئەوە خراوەتەڕوو کە دەنگی هاووڵاتییە ئەمەریکییەکان گرنگە لەیەکلایی کردنەوەی پرسەکە لەو ولایەتانەی کە کە کێبڕکێیەکی تووند تێیدایە لە نێوان کۆمارییەکان ودیموکراتەکان.
لاى خۆیەوە، پەیامنێری رادیۆ سەوا لە واشنتۆن بڵاویكردەوە، بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەستن كەمایەتییەكان و رەش پێستەكان پاڵپشتی یەكەمی پێشخستنی جۆ بایدنن بەسەر ترەمپ لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمەریكا.
زەید بنیامین لە راپۆرتێكی دەنگیدا كە ناس كورد دیویەتی (6 تشرینی دووەمی 2020) باس لەوە دەكات رەش پێستەكان و كەمایەتییەكانی ئەمەریكا ئۆبامایان كردە سەرۆك، هەر ئەوانیش دەنگیان بە هیلاری كلینتۆن نەدا، ئێستاش هەر ئەوان بەچڕی لەپشت پێشكەوتنەكانی بایدنەوەن لە ویلایەتەكانی پەنسالفانیا و مەشیگان و ویستكانسن و جۆرجیا، ئەمەش شتێكی چاوەڕوانكراوە چونكە ئەمانە زەرەرمەندی دەستی سیاسەتەكانی ترەمپن.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جیاکردنەوەى دەنگەکانى هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە قۆناغى کۆتایی و یەکلاکەرەوەیی، تینی ململانێیەكان زیاتر گەرم بووە لەنێوان ترەمپ و بایدن لەچەند ویلایەتێك كە ئەنجامەكانیان یەكلاكەرەوەیە بۆ راگەیاندنی براوە.
لە ویلایەتی جۆرجیا، لەسەدا 99ی دەنگەكان جیاكراونەتەوە و بەگوێرەی ئامارەكان دۆناڵد ترەمپ بە هەزار و 805 دەنگ لەپێش جۆو بایدنەوەیە.
لە ویلایەتی پێنسیڵڤەنیاش دۆناڵد ترەمپ، پاڵێوراوی كۆمارییەكان دوای جیاکردنەوەی لە 96%ی دەنگەکان توانیویەتی بە 26 هەزار دەنگ لەپێش ڕکابەرەکەی جۆ بایدن، پاڵێوراوی دیموكراتەكانەوە بێت.
لەنیڤادا جۆ بایدن لە پێشەنگدایە بە زیاتر 11 هەزار دەنگ ئەوەش دوای جیاکردنەوەی لە 90%ی دەنگەکان، لە کارۆلاینای باکور ترەمپ لە ئێستادا و دوای جیاکردنەوەی لە 97%ی دەنگەکان لە پێشەنگدایە و توانیویەتی نزیکەی 80 هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت.
بەو جیاوازییە كەمەی نێوانیان، ململانێكان هێشتا بەردەوامە لەگەڵ پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان، وێڕای گرژییەكانیش بەرپرسانی هەڵبژاردنەكان سورن لەسەر بەئەنجام گەیاندنی پرۆسەكە بە زوترین كات.