گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی لە ناس کورد

کێشە بۆ خوێندکارانى وەرنەگیراو لە زانکۆ و پەیمانگاکان دروستدەبێت

2020.11.04 - 23:40
App store icon Play store icon Play store icon
کێشە بۆ خوێندکارانى وەرنەگیراو لە زانکۆ و پەیمانگاکان دروستدەبێت

ناس کورد-

بەشێک لە خوێندکارانى وەرنەگیراوى پۆلى 12 لە زانکۆ و پەیمانگاکان کێشەیان بۆ دروستبووە و نەیانتوانیوە هیچ بەشێک هەڵبژێرن کە وەزارەت بڕیاربوو بۆیان دابین بکات.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

بەپێی بڕیارى خوێندنى باڵا، ئەو خوێندکارانەى ئەمساڵ لە هیچ شوێنێک وەرنەگیران بڕیاربوو لە رێگەى تۆمارکردنى سکاڵاوە لە پێگەى زانکۆ لاین یەکێک لەو بەشانە هەڵبژێرن کە وەزارەت پێشنیازیان بۆ دەکات، تا رێژەى وەرگرتن ببێتە 100%.

 

بەپێی بەدواداچونى ناس کورد، بەشێک لەو خوێندکارانەى وەرنەگیراون چەند کێشەیەکیان بۆ دروستبووە، لەوانە کارانەبوونى بەشى سکاڵا یاخود لەسەر فۆرمەکانیان نوسراوە کە هیچ کورسییەک نەماوە بۆ وەرگرتنیان، یان نەیانتوانیوە ئەو بەشانە هەڵبژێرن کە بۆیان پێشنیازکراوە.

 

بەشى تۆمارکردنى سکاڵا لەزانکۆلاین رۆژى سێشەممە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵاوە کارا کرا، بۆ ئەوەى ئەو خوێندکارانە بتوانن بەشێک هەڵبژێرن.

 

یەکێک لەو خوێندکارانە بە ناس کوردى وت کە چەندین هەوڵیداوە بۆ تۆمارکردنى سکاڵا و هەڵبژاردنى بەشێک بەڵام سەرەتا کارانەبووە، دواتر لەسەر فۆرمەکەى نوسراوە هیچ کورسییەک نەماوە بۆ ئەوەى هەڵیبژێرێت، دواتریش چەند بەشێک کاراکراوە بەڵام نەیتوانیوە هەڵیان بژێرێت.

 

ناس کورد چەندینجار پەیوەندى بە بەرپرسانى خوێندنى باڵاوە کرد، بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.

 

بەپێی ئامارەکانى خوێندنى باڵا، ٧١١٨ دەرچوو بەهۆى هەڵە پڕکردنەوەو هەڵنەبژاردنى شوێنى گونجاو لەگەڵ نمرەکانیان لە قۆناغى یەکەمدا وەرنەگیراوان کە ڕێژەکەیان بریتیە لە (١٣%). لەهەمان کاتیشدا (٨١١٩) کورسى بەتاڵ ماوەتەوە.

 

بەپێی بڕیارى خوێندنى باڵا، ئەم ژمارەى کە وەرنەگیراوە لە ڕێگەى سیستمەکەوە دەتوانن یەکێک لەو بەشانە هەڵبژێرن کە کورسى بەتاڵى هەیە، ئەمەش لە ڕێگەى پرۆسەى سکاڵا و وێبسایتى ڕێگەى زانکۆ دەبێت کە لەڕۆژى سێشەمەوە کارا دەکرێت، کاتێک پێشەکەشکارەکە بەهەمان یوزەرنەیم و پاسۆرد دەچێتە نێو سیستەمەکە ئەوا سیستەمەکە بەشێوەیەکى ئۆتۆماتیکى کورسەیە بەتاڵەکان دەخاتە بەردەست کە مافى وەرگرتنى تێدایە، دواى تەواوبونى ئەم پرۆسانە ڕێژەى وەرگرتن هاوشێوەى ساڵى ڕابردو دەبێتە (١٠٠%.).