کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- شەهرام عەزیز
كامەران عومەر هونەرمەندی گۆرانیبێژی كورد زانیاری لە بارەی بەرهەمە نوێكەی لە رێگەی ناس كورد-ەوە ئاشكرا دەكات كە بەرهەمێكی جیاوازە و بە ستایلێكی نوێ جیاواز لە بەرهەمەكانی پێشووی كاری تێدا دەكرێت.
.
كامەران عومەر هونەرمەندی گۆرانیبێژی كورد تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "لە ئێستادا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی بەرهەمێكی نوێم، شیعرەكەی بەرهەمی شاعیر "تەهای حاجی مەحمود"ە و دلێر حسێن كاری میوزیكی بۆ ئەنجام دەدات".
.
سەبارەت بە ئاوازی گۆرانییەكە كامەران عومەر ئاماژەی بەوەدا، گۆرانییەكانی ڕابردووی زۆرینەی ئاوازەكانی خۆی بووە، بەڵام ئەم بەرهەمەی ئاوازی "بورهان موفتی زادە"یە بۆیە ستایلەكەی جیاوازە لە ستایلی گۆرانییەكانی ڕابردووی.
.
دەربارەی ئەوەی كە ماوەیەكی زۆرە لە كاری هونەری دابڕاوە و هیچ بەرهەمێكی بڵاونەكردووەتەوە،ئاماژەی بەوەكرد: "من لە كاری هونەری دانەبڕاوم، بەڵام حەزم لە كاری زۆر و بۆر نییە، بەرهەمی جوان پێویستی بەكاری زۆرە، من 30 ساڵ پێش ئێستا گۆرانیم وتووە ئێستاش خەڵك بەتامەزرۆییەوە گوێی لێدەگرێت و كۆن نابێت".
.
"نامەوێت بەرهەمێك بدەم بە گوێی جەماوەرەكەمدا كە بەرهەمە كۆنەكانم لەناوبەرێت. یاخود خراپتر لە بەرهەمە كۆنەكانم بێت"، كامەران عومەر وای وت.
.
دەربارەی بەرهەمهێنانی ئەلبوومێكی نوێ، ئەو هونەرمەندە روونیدەكاتەوە، ئێستا وەك جاران نەماوە كۆمەڵێك میوزیكژەن و گۆرانیبێژێك كۆببنەوە و ئەلبومێك بەرهەم بهێنن، بەڵكو كارەكان قورس بوون و بە ئاسانی ئەلبووم بەرهەم ناهێندرێت.
.
سەبارەت ئەنجامدانی كۆنسێرتەكەی ئەمساڵی لەگەڵ هونەرمەند سامان عومەری برای كە لە شاری سلێمانی ئەنجامیاندا، كامەران عومەر ئاماژەی بەوە كرد، لە ژیانی هونەریدا سێ كۆنسێرتی ئەنجامداوە، یەكەمیان لە ساڵی 1989 و دووەمیان لە ساڵی 1999 و كۆنسێرتی سێییەمیان لە مانگی سێی ئەمساڵ بوو، كە هۆڵەكە دوو هەزار و 500 كەسی دەگرت، بەڵام زیاتر لە سێ هەزار كەس ئامادە بوون كە ئەوەش جێگای دڵخۆشی ئەو بووە و لەو بارەیەوە سوپاسی جەماوەرەكەی كرد.
.
ئاشكراشیكرد، پلانی هەیە لە داهاتوودا لە هەولێر و گەرمیان كۆنسێرت ئەنجامبدات.
.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە بەرهەمە نوێیەكەی دوا بەرهەمی دەبێت، كامەران عومەر وتی: "مەگەر مردن ڕێگە بگرێت ئەگینا تا توانام هەبێت ئەگەر دوو ساڵ بەرهەمێكیشم هەبێت، هەر ناوەستم".