ناس کورد-
سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى عێراق و بەڕێوەبەرى نوسینگەى سەرۆک وەزیران و دەستەى نەزاهە تاوتوێی هەوڵەکانیان کرد بۆ گەڕانەوەى پارەکانى دەوڵەت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە (4ی تشرینی دووەمی 2020) ، فایەق زێدان سەرۆکى ئەنجومەنەکە لەگەڵ رائید جوحى بەڕێوەبەرى نوسینگەى مستەفا کازمى و عەلا ساعدى سەرۆکى دەستەى نەزاهە کۆبوونەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەوڵى هاوبەشى لایەنە تایبەتمەندەکان بۆ روبەڕووبونەوەى گەندەڵى و پاراستنى داهاتى گشتى و گەڕانەوەى پارەکانى دەوڵەت کراوە.
رۆژنامەیەکى عێراقى پێشتر بڵاویکردەوە، عێراق هیواى هەیە لانى کەم موچەى پێنج مانگى فەرمانبەران گەرەنتى بکات، لەئەگەرى ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو کەسایەتییە سیاسی و بەرپرسانەى تۆمەتبارن بە دزینى 250 ملیار دۆلار تا نیوەى پارەکان بگەڕێننەوە.
رۆژنامەى مەدا لە راپۆرتێکدا کە ناس کورد بەدواداچونى بۆ کردووە باسى لەوە کردووە (27ی تشرینی یەکەمی 2020)، تا ئێستا زیاتر لە 10 بەرپرس لەسەر دۆسیەى گەندەڵى دەستگیرکراون لەناو بارەگاى هەواڵگرى، هەروەها نزیکەى 90 کەسى دیکە تۆمەتى ئەوەیان لەسەرە کە بەشێوەیەکى ناسروشتى دەوڵەمەند بوون.
سەرچاوەیەکى ئاگادار بە رۆژنامەکەى وتووە، چەندین پێشنیاز هەیە بۆ دەسکەوتنەوەى ئەو پارەیە لەو کەسایەتییە سیاسی و حزبانەى پارەیەکى زۆریان دزیوە، هاوشێوەى ئەو رێگەیەى شازادەى جێنشینى سعودیە بەکاریهێنا بۆ سەندنى پارە لەو سەرمایەدار و کەسایەتیانەى بە گەندەڵى پارەیەکى زۆریان کۆکردبووەوە.
بەوتەى سەرچاوەکە، دەکرێت رێککەوتن لەگەڵ گەندەڵەکان بکرێت بۆ دەستکەوتنەوەى نیوەى ئەو پارەیە لەبەرانبەر لابردنى تۆمەتەکان لەسەریان و دەستگیرنەکردنیان.
باسى لەوەشکردووە، زۆربەى رێککەوتنەکان سەرکەوتوو نەبوون، جگە لەیەک دانەیان نەبێت کە لەگەڵ وەزیرێکى پێشووى سەر بە یەکێک لە حزبە شیعییەکان کراوە، بەبێ ئەوەى ناوەکەى ئاشکرابکات.
سەرچاوەکە دەشڵێت، 100 بەرپرس هەیە کە سامانەکانیان لە ساڵى 2019 ەوە بەشێوەیەکى زۆر زیادیکردووە، تا ئێستاش زۆربەیان هیچ رێوشوێنێکیان بەرانبەر نەگیراوەتە بەر، دەستگیرکردنەکانى ئەم دواییە بەشێک لەو کەسانە دەگرێتەوە کە بەرپرسانى باڵا و وەزیرى تێدایە.
پێشتر عەلى عەلاوى وەزیرى دارایی عێراق لە کۆنگرەیەکى ئابوریدا کە ئاژانسى فەرمى عێراق گواستییەوە ڕایگەیاندبوو، خەرجکردنى ئەو بڕە پارەیە بۆ "سودى دارایی" هەندێ لایەن بووە کە بووەتە هۆى پاشەکشەى تواناى دەوڵەت.
هەر لەو بارەیەوە، سەرچاوەیەک (6ی تشرینی یەکەمی 2020) بە ماڵپەڕى حورەى ئەمریکى راگەیاندووە، ئەو بڕە پارەیە بەسادەیی بووە بە هەڵم، هیچ هەوڵێکیش نەدراوە بۆ ئاشکراکردنى، بەڵام بەشى گەورەى لەدەستدانەکە لەماوەى نێوان 2008 و 2014 بووە.
نورى مالیکى ئەمیندارى گشتى حزبى دەعوە زۆربەى ئەو ماوەیە 2006 – 2014 سەرۆکوەزیران بووە.
مەنار عوبێدى، شارەزاى ئابورى دەڵێت، کۆى گشتى بودجەکان لەدواى 2003 ەوە زیاتر بووە لە 1.1 ترلیۆن دۆلار، ئەو بڕەى وەزیر باسیدەکات تەنها ئەوەیە کە بەنافەرمى خەرجکراوە.
دەشڵێت، قەبارەى راستەقینەى پارەى بەهەدەردراو بە 400 -450 ملیار دۆلار دادەنرێت، کە دەکاتە %40 ى کۆى گشتى بودجەکان.
400 ملیار دۆلار بڕێکى پێویستە بۆ بنیاتنانى 400 هەزار قوتابخانەى نمونەیی بەبەهاى ملیۆنێک دۆلار بۆ هەر قوتابخانەیەک، 20 هەزار نەخۆشخانەى نمونەیی بەبەهاى 20 ملیۆن بۆ هەر یەکێکیان.
هەروەها بەو پارەیە دەتوانرێت 28 هەزار فڕۆکەى F-16 بە نرخى 16 ملیۆن دۆلار بۆ هەر یەکێکیان بکڕدرێت، یان هەر کەسێکى عێراقى 10 هەزار دۆلارى پێبدرێت.