ناس کورد-
پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت ڕاگەیەنراوێکی لەبارەى ڕووداوی کوشتن و بریندارکردنی چەند پۆلیسێک لەلایەن تۆمەتبارێکەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "تەواوی هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی عەدالەی شاری ھەولێر "تۆمەتبارێك کە فەرمانی دەستگیركردنی لەدادگا بۆ دەرچوو بوو، ئامادە نەبووە خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس بكات"، دواتر ڕوبەڕوی ھێزەكانی پۆلیس بووە و تەقەی لە ئەفسەران و پۆلیس کرد و بەوهۆیەوە "پۆلیسێك شەهید بوو و چەند ئەفسەر و پۆلیسێکی دیکەش بریندارن."
هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت (2ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند، وێڕای ئیدانەکردنی ئەو تاوانەی کە دەرهەق بە هێزەکانی پۆلیسی شارەکەمان کراوە، لەکاتێکدا ئەوان لەئەرکی خۆیان دابوونە بۆ چەسپاندنی یاسا، بۆ دەستگیرکردنی تاوانبار و ڕادەستکردنی بەدادگا، تەواوی هێزە ئەمنیەکانمان ڕاسپاردووە، لە زووترین کاتدا تاوانبار دەستگیر بکرێت."
دەشڵێت، "لێرەشەوە هاوڵاتییان و هاوشاریانی شاری هەولێر دڵنیا دەکەینەوە هێزە ئەمنیەکانمان لەجاران زیاتر بەشەو ڕۆژ لەئەرکدا دەبن بۆ پاراستنی ئارامی شار و ئەمن و ئاسایش و سەروماڵی هاوڵاتییان."