گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حزبەکانى ڕۆژهەڵات ئاگاداری پلان و سزاکانى ئەمریکان بۆسەر ئێران؟ چ ئامادەکارییەکیان کردووە؟

2019.05.09 - 13:40
App store icon Play store icon Play store icon
حزبەکانى ڕۆژهەڵات ئاگاداری پلان و سزاکانى ئەمریکان بۆسەر ئێران؟ چ ئامادەکارییەکیان کردووە؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد - سۆران ڕەشید وا دیارە ئیدارەى ترەمپ سورە لەسەر بۆچوون و پڕۆژەى خۆی کە دەبێت "ڕژێمی ئێران هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت و واز لە دەستێوەردان لە ناوچەکەدا بهێنێت"، لەمدواییەشدا هەوڵەکانى خۆی چڕترکردووەتەوە، دوای ئەوەى لە ئایاری ساڵی ڕابردوودا لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى لەگەڵ ئێران کشایەوە، مانگی ڕابردوو سوپای پاسدارانی خستە لیستى تیرۆرەوە و لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە سیاسەتى بە سفرکردنی هەناردەى نەوتی ئێرانی بەرپاکرد، ئاڵۆزییەکانى هەردوولا بەردەوامە و لە دوو رۆژی ڕابردووشدا، ئەمریکا کەشتی فڕۆکەهەڵگر و چوار فڕۆکەى بۆمبهاوێژی بی 52ی ناردە ئاوەکانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بیانوی ئەوەى ئێران پلانی هەیە هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. . کەواتە، ئاڵۆزییەکانى هەردوولا لە قۆناغێکی جدییدایە و هەندێجاریش بۆنی شەڕی گەورەى لێ دێت، لە وەها دۆخێکدا و بە خوێندنەوەى ئەزمونی پلانەکانى ئەمریکا لە شەڕی ئەفغانستان و عێراق، ئەمریکا لەم ململانێدا ناتوانێت ڕۆڵی و ئەرکی ئۆپۆزسیۆنى ئێرانی پشتگوێ بخات و دەبێت لەو مەیدانەشدا ئامادەسازی بکات و ئەو هێزانە ئامادە و کۆبکاتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا، دەمەوێت هەڵوێستى حزبەکانى ڕۆژهەڵات (حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانى ئێران) وەربگرم بەوەى هیچ ئاگادارییەکیان لە پلانەکانى ئەمریکا هەیە، هەڵوێستى ئەوان لەسەر توندبوونی سزاکان چییە و چ ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ قۆناغی دواتر. .

حدکا: ئاگاداری پلانی ئەمریکا نین

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، حزبێکى ئۆپۆزسیۆنى ئێران و بنکەى سەرەکی لە شاری کۆیەیە، ئەوان ماوەیەکە دەستیان بە خەباتی چەکداری کردووەتەوە و لەسەر سنورەکان و ناوشارەکان جموجۆڵیان هەیە لەدژى کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەندامێکى دەستەى کارگێڕیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، هەر لە سەرەتاوە پێشوازییان لە سزاکانی ئێران کردووە بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری پلانەکانى ئەمریکا نین. فواد خاکی، ئەندامی دەستەى کارگێڕیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ناس کورد-ی وت، ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک حزبەکەى ئاگادارنەکردووەتەوە لە هەنگاو و پلانەکانی و هیچ هەماهەنگییەکیشیان نییە. فواد خاکی وتیشی، "هەمیشە خوازیاری پشتیوانی سیاسی بوین لە وڵاتانى ترەوە و نوێنەرایەتیمان لە ئەمریکا و وڵاتانى ئەوروپا هەیە، بەڵام تائێستا پرس و ڕاوێژمان پێنەکراوە لە جێبەجێکردنی پلانەکاندا." . لەبارەى ئامادەکارییەکانى حدکا بۆ هەر پێشهات و گۆڕانکارییەک لە ئێران، فواد خاکی وتی، "ئێمە جموجوڵەکانمان لەسەر سنور و لەناو شارەکانى ڕۆژهەڵاتدا زیاترکردووە و لەگەڵ حزبەکانى تریش ناوەندی هاوکاری حزبەکانى ڕۆژهەڵاتمان دامەزراندووە تاوەکو یەک هەڵوێست و یەک پلان بین بۆ هەر پێشهات و گۆڕانکارییەک." لەبارەى ئامادەکاری پێشوەختە بۆ هێرش و هەڕەشەکانى ئیران، فواد خاکی ئاماژەى بەوەکرد، "ئێمە هەمیشە هەستمان بە هەڕەشە و پەلاماری ئێران کردووە و هێرشە موشەکییەکەى هاوینی ساڵی ڕابردووش بۆسەر بارەگاکانمان لە کۆیە بەڵگەن بۆ ئەوەی ئێران لە هەر کات و ساتێکدا بێت هێرش دەکات." ئەو لەبارەى گەمارۆ ئابورییەکانەوە وتی، "هەرچەندە سزاکانی ئەمریکا حکومەتى ئێران و سوپای پاسداران و کەرتی نەوت و وزە دەگرێتەوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى 70%ی ئابوری ئێران بە دەست پاسدارانەوەیە، سزاکان ژیانی خەڵکی قورسترکردووە بە جۆرێک نرخی خواردن و دەرمان بەڕێژەى 300% زیادیان کردووە." .

حدک: ئێران هیچ قاعیدە و قانونێکى شەڕ و دیبلۆماسی نازانێت

حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) بۆچوونەوەکانى لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە (حدکا) نزیکە، بەڵام ئەو حزبە تائێستا دەستى بە خەباتی چەکداری نەکردووەتەوە و بنکەی سەرەکیشی هەر لە کۆیەیە، ئەندامێکى مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە دەڵێت، ئەمریکا لەدوی بەرژەوەندییەکانى خۆی کەوتووە و نایەوێت ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕوخێت بەڵکو دەیەوێت هەڵسوکەوتى بگۆڕێت. عومەر باڵەکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکرات بە ناس کورد-ی وت، "ئەمریکا دەیەوێت ئێران واز لە دەستێوەردانی لە وڵاتانى ناوچەکە و بۆمبی ئەتۆم و بەرنامە موشەکییەکانى بهێنێت و ببێتە یاریدەدەرێکى لە ناوچەکە. . عومەر باڵەکی وتیشى، "پرسی کورد و خەباتی کورد لە ئێران زۆر لە پێش شەڕی ئەمریکا و ئێرانەوەیە، بۆیە ئەرکی ئێمەیە چۆن بتوانین لە ململانێی هەردوولا سود ببینین و جێگە و پێگەیەکى محکەمتر بە سودی کورد بەدەستبهێنین." ئاماژەى بەوەشکرد، هیچ پەیوەندییەکمان لەبارەى سزاکانی ئەمریکاوە پێنەگەیشتووە و ئاگادار هیچ پلانێک نین، بەڵام دەبێت لە ناوخۆیدا خۆمان کۆبکەینەوە." . لەبارەى دەستپێکردنەوەى جموجوڵی سەربازی لەدوای توندکردنی سزاکان، عومەر باڵەک وتیشى، خەباتی چەکداری یەکێکە لەو ڕەهەندانەى هەرگیز لە بیری ئێمەدا غافڵ نابێت، ئەگەر هەلومەرجەکە بڕەخسێت ئامادەییمان هەیە هێز بجوڵێنین، بەڵام دەبێت سەرەتا بزانین ئەو خەباتە چەکدارییە چ کاریگەرییەکى دەبێت." ئاماژەى بەوەشکرد، بە هیچ جۆرێک پێمان خۆش نییە و پێشمان دروست نییە بەهۆى ڕژێمی ئێرانەوە خەڵکی ئێران سزا بدرێن، دەسەڵاتدارانى ئێران باری سەر شانی خەڵکیان قورسترکردووە بۆئەوەى بڵێن ئەمریکا و هاوپەیمانەکان ئێوە سزا دەدەن و برسیتان دەکەن." لەبارەى هەڕەشەکانى ئێران و ئامادەکاری ئەو حزبە، عومەر باڵەکی وتی، "ئێران هیچ قاعیدە و قانونێکى شەڕ و کاری دیبلۆماسی نازانێت و بۆ بەرژەوەند و مانەوەى خۆی هەموو شتێک دەکات، بەڵام ئێمە ئامادەکارییمان کردووە بۆ هەموو هەڕەشە و مەترسییەکان." ئەو وتیشى، "دەبێت ئەمریکا ڕێگری بکات لە چالاکی سەربازیی ئێران لە عێراق و ڕێگەنەدان سەروەری و ئاسمانی عێراق بەکاربهێنێت، ئەوەى هاوینی پار ڕوویدا کاتێک ئێران هیرشی موشەکی کردە سەر بارەگاکانى حدک و حدکا لە کۆیە، لەپێش هەموو شتێکەوە لەژێرپێنانی دەسەڵات و هەژمونی ئەمریکا بوو لە عێراق. .

کۆمەڵە: بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دەستێوەردانی ئەمریکا نین لە ئێران

بۆچوونی حزبی کۆمەڵە کە حزبێکی ئۆپۆزسیۆنى ئێران و بنکەى سەرەکی لە ناوچەى زڕگوێزە لە سلێمانی تەواو جیاوازە لەگەڵ حزبەکانى تردا، ئەندامێکى کۆمیتەى ناوەندی کۆمەڵە دەڵێت، ئەوان بە هیچ جۆرێک لەگەڵ دەستێوەردان و گەمارۆی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا نین بۆسەر ئێران چونکە هیچ حکومەتێک بە سزا بۆسەر خەڵکەکەى نەڕوخاوە.

حەسەن شەمسی، ئەندامی کۆمیتەى ناوەندی حزبی کۆمەنیستی ئێران بە ناس کوردی وت، ئەو کردەوانەى حکومەتى ئێران و سزاکانى ئەمریکا دۆخێکى نابار بۆ ژیان و بەرژەوەندی خەڵکی ئێران دروستدەکات.

. حەسەن شەمسی دەشڵێت، "لەلایەک دەستێوەردان و کارە ناباشەکانى ئێران لە سوریا و لوبنان و عێراق و یەمەن بۆ بەرژەوەندی ڕژێمەکەى خۆیەتى نەک خەڵکی ئێران و خەڵکی هەژار کردووە و ئاستەنگی بۆ دروستکردوون، لەلایەکی ترەوە سزاکانى ئەمریکا هەرچەندە دەڵێن دەخرێنە سەر ڕژێمی ئێران بەڵام هێندەى سەر باری سەرشانی خەڵکی قورسترکردووە." حەسەن شەمسی دەشڵێت، "لەگەڵ هیچ دەستێوەردانێکى ئەمریکا بۆسەر ئێران نین و ئاگاداری هیچ پلانێکى ئەمریکاش نین، پێمانوایە ئەو جۆرە فشارانە ناتوانرێت کۆماری ئیسلامی بڕوخێنێت، نمونەشمان ڕژێمی سەدامە." . ئەو دەڵێت، "لەگەڵ هیچ جۆرە دەستێوەردانێکى دەرەکی نین لە کاروباری ناوخۆی ئێران چونکە تەنها شەڕ و ماڵوێرانى بەدوای خۆیدا دێنێت و شەڕی سوریاش نمونەیەکى زیندووە." لەبارەى جۆری خەباتی ئەوان وەک حزبێکى ئۆپۆزسیۆن، شەمسی دەڵێت، "خەباتی ئێمە لە دژى کۆماری ئیسلامی پاڵپشتی خەباتى کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشە لە ئێران، لە دوو ساڵی ڕابردووشدا چەندین بزوتنەوەی ژنان و کرێکاران و مامۆستایان و خوێندکارانمان دروستکردووە و پشتگیریمان کردوون." لەبارەى هەڕەشەکانى ئێرانەوە حەسەن شەمسی دەڵێت، "ئێمە وەک ئۆپۆزسیۆن، ئێران وەک دەوڵەتێکى شەڕەنگێز دەبینین و خۆمان لە ئەمنییەتدا نابینین و ئامادەکاریمان بۆ خۆپاراست کردووە."