گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆمەڵێک ڕێکاری نوێ بۆ ڕۆڵى ئیمام و وتاربێژانی موسڵمانی فەڕەنسا

2020.11.02 - 16:06
App store icon Play store icon Play store icon
کۆمەڵێک ڕێکاری نوێ بۆ ڕۆڵى ئیمام و وتاربێژانی موسڵمانی فەڕەنسا

ناس کورد-

ئەنجومەنى فەڕەنسا بۆ کاروبارى ئاینى ئیسلام لەکۆتایى هەفتەى ڕابردوودا کۆبوویەوە و پرسى ڕێگریکردن لە توندڕەوى و دانانى ڕێوشوێنى نوێ بۆ مەشق و ڕاهێنانى وتاربێژى مزگەوتەکان تاوتوێ کران، ئاژانسێکى فەڕەنسیش دەڵێت، بەو هەنگاوانە کۆتایى بەڕۆڵى وتاربێژانى تورکیا و چەند وڵاتێکى تر دێت لەفەڕەنسا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەهەواڵێکدا کە (دووشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2020) ئاژانسى فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە و ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە، ئەنجومەنى فەڕەنسا بۆ کاروباری ئاینى ئیسلام ڕایگەیاندووە، زۆرجار توندڕەوەکان لەدامودەزگا ئاینییەکان دابڕاون و لەڕێگەى ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بونەتە کەسانى توندڕەو.

 

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، دەبێت بەرپرسانى موسڵمانى وڵاتەکە لەگەڵ دۆخەکەدا خۆیان بگونجێنن و زیاتر سود لەئامڕازە تەکنەلۆژییەکان وەربگرن بەتایبەت چینى گەنجان.

 

باس لەوەش کراوە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجومەنەکە چەندین پێشنیارى خستووەتەڕوو لەوانە دامەزراندنى یەکەى چاودێریکردن بۆ رێگریکردن لە وتارى توندڕەوى و بڵاو کردنەوەى توندڕەوى.

 

کۆبونەوەکە تێبینى لەسەر کۆمەڵێک پرس هەبووە پەیوەست بە ڕووداوەکانى ئەمدواییەى فەڕەنسا، لەوانە پرسى مەشق و ڕاهێنان بەپیاوانى ئاینى بەتایبەتى موسڵمانان کە پرسێکى ناڕێکخراوە لەفەڕەنسا و ئەنجومەنەکەش پێوابوو توانا و ئیرادەیەکى باش هەیە بۆ ئەوەى لەسەر ئەو دۆخەکە ڕێکبکەون لەسەر شێوازى مەشق و ڕاهێنان بەمامۆستایانى ئاینى بەهاوبەشى لایەنە پەیوەندیدارەکانى فەڕەنسا.

 

تەوەرێکى ترى کۆبونەوەى ئەنجومەنەکە بۆ تاووتوێ کردنى ئاستى شارەزایى وتاربێژان و تواناکانیان بەمەبەستى سەرپەرشتى کردنى کارى موسڵمانان تەرخانکرا.

 

بەپێى ئاژانسەکە، گۆڕینى شێوازى مەشق و ڕاهێنان بەوتاربێژى مزگەوتەکانى فەڕەنسا ئامانجێکى تر دەپێکێت، ئەویش کۆتاییهاتنى هاریکارى و گرێبەستى 300 وتاربێژى تورکیا و مەغریب و جەزائیرە لەو وڵاتەدا.