گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پرسی ’’دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی’’ و هەڵوێستی پارتی و یەکێتی

2020.11.02 - 15:01
App store icon Play store icon Play store icon
پرسی ’’دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی’’ و هەڵوێستی پارتی و یەکێتی

 

ناس کورد-

دواى دروستبوونى بەرەیەکى نوێى سیاسى سوننەکانى عێراق و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمان، یەکێتى و پارتى دەڵێن، هێشتا ئەو پرسەیان لەگەڵدا تاووتوێ نەکراوە، بەڵام لەکاتی خۆیدا قسەی خۆیان دەبێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە چەند رۆژی ڕابردوودا، بەرەیەکی نوێی سوننی لەناو پەرلەمانی عێراق راگەیەندرا کە 35 پەرلەمانتار لە خۆدەگرێت و بانگەشەی دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکەن. 

 

ناسر هەرکى، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى پارتى لەپەرلەمانى عێراق بەناس کوردى ڕاگەیاند: " هێشتا ئەو پرسە تەنها چەند جارێک لەدەرەوەى پەرلەمان باسکراوە و بەفەرمى نەهاتووەتە ناو پەرلەمانەوە".

 

ووتیشى " لەسەر ئەو پرسە هیچ لایەنێک دەستپێشخەرى نەخستووەتە بەردەم فراکسیۆنەکەمان بۆ ئەوەى بۆچونمان بزانرێت". 

 

هەرکى ئاماژەى بەوەشکرد" وەکو بۆچوونی خۆم وەکو پەرلەمانتارێک ئەگەر ئەو بیرۆکەیە هاتە ناو پەرلەمانەوە ئەوکات سەیرى لایەنە باش و خراپەکانى دەکەم، سەیرى کاندید و کات و کارنامەکەى و بەرژەوەندییەکانى میلەتەکەم دەکەم ئەوکات بڕیارى لەسەر دەدەم". 

 

بەهەمانشێوەی پارتی، فراکسیۆنی یەکێتیش تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ نەکراوە لەسەر ئەو پرسە و وەرگرتنی بۆچوونیی. 

 

حەسەن ئالى، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى لەپەرلەمانى عێراق بەناس کوردى ڕاگەیاند: " تائێستا ئەو پرسە بۆ فراکسیۆنى یەکێتى پێشنیاری نەکراوە و نەهاتووەتە ناو پەرلەمانەوە چ بەپڕۆژە یاسا یاخود پیشنیار یاخود هەر کارێکى ترى لەو شێوەیە لەپەرلەماندا نەخراوەتەڕوو". 

 

ئالى باسى لەوەش کرد، تائێستا ئەو کارەى توانیوویەتى حەلبوسى کە لەسەر شانى بووە جێبەجێکردووە، بەڵام دۆخى عێراق بۆ کێشەکانى لەسیستمە سیاسیەکەى و ئەو پشکپشکێنە حزبییە دەگەڕێتەوە، نەوەک بوترێت حەلبوسى کەسى خراپە و کەسێکى تر باشە.

 

بەرە نوێیەکە ئوسامە نوجەیفى سەرۆکایەتی دەکات و دوورخستنەوەى محمەد حەلبوسى، سەرۆکى پەرلەمانیان وەکو ئامانجى یەکەم ڕاگەیاند و باسیان لەوەش کرد بۆ ئەو کارە داوا لەلایەنە سیاسیەکانى ترى ناو پەرلەمان دەکەن.