ناس کورد-
قائیمقامى شارۆچکەى قائیم ڕایدەگەیەنێت، نزیکەى چوار ملیار تۆن فۆسفاتى یەدەگى جۆراوجۆر لەسنورەکەیاندا هەیە و کارگەى فۆسفاتى شارۆچکەکەشیان دەکەوێتەوە کار.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەلێدوانێکى دا بۆ ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە، ئەحمەد جدیان، قائیمقامى شارۆچکەى قائیمى سەربە پارێزگاى ئەنبار (2ى تشرینى دووەمى 2020) ڕایگەیاند، چەکدارانى داعش کارگەیەکى فۆسفاتیان لەشارۆچکەکە وێرانکردووە و دواى ئازادکردنى ناوچەکەش دوو کۆمپانیاى چیکى و پورتوگالى داواى وەبەرهێنانیان پێشکەش کردووە لەکارگەى فۆسفاتى شارۆچکەکەدا.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، لەگەڵ وەزارەتى پێشەشازیشدا ڕێککەوتنیان واژۆ کردووە، ئەوانیش ڕێکارە هونەرى و یاسایەکانیان تەواو کردووە، بەڵام پەتاى کۆرۆنا تەواوکردنى کارەکانى دواخستووە.
جدیان ئەوەشى خستووەتەڕوو، دەستەى وەبەرهێنانیش سەردانى کارگەى فۆسفاتى شارۆچکەکەى کردووە و مەرجى ئەوەى داناوە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەى کارگەکە هەموو فەرمانبەرانى کارگەکە لەکارەکانیان بەردەوام بن کە ژمارەیان دەگاتە چوار هەزار کارمەند و موچەکانیشیان بەتەواوەتى بۆ خەرج بکرێت.
باسی لەوەشكردووە: "سەرجەم کارەکان ڕاگیراون تا کۆتاى پەتاکە و کۆمپانیاکانیش ناتوانن سەرکێشى بکەن و سەرمایەکانى خۆیان بخەنە مەترسیەوە کە دەگاتە دوو ملیار دۆلار لەو پڕۆژەیەدا."
قائیمقامى قائیم باسى لەوەش کردووە، چەند جۆرێکى فۆسفات لەژێر زەوى پارێزگاکەدا هەیە کە بە چوار ملیار تۆن دەخەمڵێنرێت و مافى وەزارەتى پیشەسازیش نیە بیداتە دەستەى وەبەرهێنان، بەڵکو قائیمقامیەت لەگەڵ کۆمپانیاى ڤانتا گروپدا داواى وەبەرهێنانى لەو پڕۆژەیەدا کردووە.