ناس کورد-
وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ ماڵی سەرکردەی کۆچکردوو، جەلال تاڵەبانی لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی ڕۆژی نیشتیمانیی عێراق، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەروارەکە هاوتایە لەگەڵ ڕۆژی مردنی جەلال تاڵەبانی و بنەماڵەکەشی لەگەڵ ئەوەدا ناکۆکن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەسەن نازم، وەزیری ڕۆشنبیریی عێراق (دووشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2020) بە ڕۆژنامەی "سەباح"ی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند: "وەزارەتەکەمان بۆ دیاریکردنی ڕۆژی 3ی تشرینی یەکەم بە ڕۆژی نیشتیمانیی عێراق هەوڵێکی زۆری داوە بۆ چەسپادنی ئەو ڕۆژە و تێپەڕاندنی لە پەرلەمانەوە."
وتیشی: "لەماوەی ڕابردوودا ئەو پڕۆژەیە ڕەوانەی پەرلەمان کرا بۆ خوێندنەوە و دەنگدان لەسەری تا ببێتە ڕۆژێکی خۆش بۆ هەموو عێراقییەکان، بەڵام بەرواری ڕۆژەکە بووەهۆی دروستبوونی ناڕەزایی لای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەهۆی هاوتایە لەگەڵ بەرواری کۆچی دوایی سەرکردەی کۆچکردوو و سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، جەلال تاڵەبانی."
وەزیری ڕۆشنبیریی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە: "لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی لە گفتوگۆداین تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین."
دیاریکردنی بەرواری 3ی تشرینی یەکەم بە ڕۆژی نیشتیمانیی عێراق، بەهۆی ئەوەیە ئەو بەروارە هاوتایە لەگەڵ کۆتایی دەسەڵاتی ئینگلیزەکان و ئازادبوونی عێراق لەساڵی 1932.