گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئامانجى ’’سازشەکانى پارتى’’

دەستەى بەهەرێمکردنى سلێمانى هەڵوێستى لەبارەى ’’گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی’’ ڕاگەیاند

2020.11.01 - 20:18
App store icon Play store icon Play store icon
دەستەى بەهەرێمکردنى سلێمانى هەڵوێستى لەبارەى ’’گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی’’ ڕاگەیاند

ناس کورد-

دەستەی بەهەرێمکردنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین رایگەیاند، "سازشەکانى پارتى" لە ئێستادا تەنها بۆ ئەوەیە هەرێمى سلێمانى دروست نەبێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دەستەکە لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە (1ى تشرينى دووەمى 2020) رایگەیاند، فشارە مەدەنی و دەستوریەکان وایکردوە کە پارتی چەندین "سازش و تەنازول" بۆ ئەم سنورە و حزبەکانی بکات و داوایان لێبکات کە پارتی و یەکێتی لە ڕوی بەڕێوەبردنەوە بگەرێنەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئێمە دژی ئەم پێشنیارەین، چونکە ئێمە و خەلکی ئەم دەڤەرە، نامانەوێت کوردستان دابەش بکرێت بۆ دوو زۆنی حزبی، و دەسەڵات و داهات لە نێوان دوو حزب یان چەند حزبێکدا دابەش بکرێت". 

 

ئەوە لەکاتێکدایە بارەگاى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى پێشتر رەتیکردەوە کە هیچ داوایەکیان بۆ گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی پێشکەشى یەکێتى کردبێت، دواى ئەوەى هەواڵى پێشکشکردنى داوایەکى لەو شێوەیە بڵاوکرایەوە.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

هاوڵاتیانی خۆشەویست

هاونیشتیمانیانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین.

ڕایدەگەیەنین کە

١-فشارە مەدەنی و دەستوریەکانی هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە و (دەستەی بەهەرێکردنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین) وایکردوە کە (پارتی دیموکراتی کوردستان) چەندین سازش و تەنازول بۆ ئەم سنورە و حزبەکانی بکات و داوایان لێبکات کە پارتی و یەکێتی لە ڕوی بەڕێوەبردنەوە بگەرێنەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی، بەڵام حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وەک خۆیان بەبێ دەستکاریکردن بمێننەوە لە پێناو پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان. 

 

واتە یەکێتی ئیدارەی ناوچەکانی خۆی بکات و پارتیش ئیدارەی ناوچەکانی خۆی بکات.

 

داهاتی ناوخۆ (گومرگ و باج و داهاتەکانی تر)ی سنوری یەکێتی بۆ یەکێتی و سنوری پارتیش بۆ پارتی بێت و هەر یەکەیان ئەو داهاتانە بۆ ئیدارەدانی سنوری ناوچەکەی خۆیان بەکاربهێنن.

 

داهاتی نەوت و پشکی کورد لە بودجەی عێراق هاوشێوەی قۆناغی پێش یەکخستنی حکومەت، ڕێژەی ٤٣%ی بۆ ناوچەی سەوز و ڕێژەی ٥٧%ی بۆ ناوچەی زەرد بێت. هەر یەکەیان بەو داهاتە موچە و خەرجی ناوچەکانی خۆیان دابینبکەن.

 

ئەم سازشانەی پارتی تەنها بۆ ئەوەیە کە هەرێمی سلێمانی دروست نەبێت و ئەم قەوارەیە ئەگەر وەکو قاوغێکیش بێت بمێنێتەوە بۆ چەوساندنەوەی خەڵکی ئەم دەڤەرە.

 

ئێمە ڕایدەگەینین کە ئێمە وەکو دەستەی بەهەرێمکردنی ئەم دەڤەرە، دژی ئەم پێشنیارەین، چونکە ئێمە و خەلکی ئەم دەڤەرە، نامانەوێت کوردستان دابەش بکرێت بۆ دوو زۆنی حزبی، و دەسەڵات و داهات لە نێوان دوو حزب یان چەند حزبێکدا دابەش بکرێت. 

 

ئێمە دەمانەوێت هەر پارێزگایەک لە هەرێمی کوردستاندا ببێت بە هەرێمێکی فیدرال و کیانێکی دەستوری هەبێت، کە داهات و دەسەڵاتەکەی بۆ خەڵکەکەی بێت و ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان بە گشتی، نەک دەوڵەمەندبونی زیاتری حزب و بنەماڵە و سەرکردەکان.

 

٢-حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژێر فشاردا، بڕیاریداوە کە لەمەودوا 8%ی داهاتی کارەبا بۆ پارێزگاکان بێت، کە بۆ هەر پارێزگایەک دەکاتە نزیکەی ملیارێک دینار.

 

دیسان ئەمەش بە سازشێکی زۆر بچوکی پارتی دەزانین بۆ ساردکردنەوەی خەلکی ئەم دەڤەرە لە داخوازیان بۆ بەهەرێمکردنی ئەم دەڤەرە و گەڕاندنەوەی داهات و دەسەڵات و خۆشگوزەرانی بۆ خەلکەکەی.

 

خەونی ئێمە بۆ گەشەپێدانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین زۆر لەوە گەورەترە کە بە سازشێکی بچوک کۆڵی لێبدەین. هەروەها دڵنیاین ئەم سازشە بچوکانە کاتین، هەر کە فشاریان لەسەر نەما، لە بەڵێنەکانی خۆیان پەشیمان دەبنەوە.

 

هاونیشتیمانیانی خۆشەویستی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین، دڵنیا دەکەینەوە کە دەستەکەمان بەردەوامە لە کارکردن و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی شێوازی فۆرمەکانمان بۆ دیاریبکەن و ئێمەش بە زوترین کات دەستبکەین بە کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ بەهەرێمکردنی دەڤەرەکەی خۆمان.

 

پێمان باشە هەولێر و دهۆک و کەرکوکیش ببن بە سێ هەرێمی فیدرال، کە تیایدا لە جیاتی کۆمەڵێک حزب کە بونەتە مایەی نەهامەتی و چەوساندنەوەی هاوڵاتیان، خەڵکی ئەو سێ پارێزگایە خۆیان حوکمی خۆیان بکەن و خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەکانی خۆیان بەدیبهێنن و لە داهاتوشدا کە ئەم پارێزگایانە توانیان گەشە بکەن لە ڕوی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە، دەتوانرێت وەک چوار یان پێنج پارێزگای فیدرالی یەکبگرینەوە، هاوشێوەی دوبەی و ئەبوزەبی و پێنج ئیمارەتەکەی تر، وڵاتێکی فیدرالی بەهێز و دەوڵەمەند بنیادبنێین.

 

دەستەی بەهەرێمکردنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین