ناس کورد-
میدیاى پەکەکە ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا مەسعود بارزانی وەڵامى داواکارییەکەى قەرەیلانى نەداوەتە لەبارەى چارەسەرکردنى کیشەى جوڵاندنى هێز و گرژى سەربازى لەناوچەکانى بادنیان بەرێگاى ئاشتى دەشڵێت، سەربارى ئەوەش پارتى بەردەوامە لە ناردنى پەیامى شەڕئامێز.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاژانسی ڕۆژنیوزى سەر بە پارتى کرێکارانى کوردستان لە ڕاپۆرتێکیدا (1ى تشرینى دووەمى 2020) ڕایگەیاندووە، تا ئێستا مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان وەڵامى داواکارییەکەى موراد قەرەیلان، ئەندامى کۆنسەى بەڕێوەبەرى پەکەکەى نەداوەتەوە لەبارەى جوڵەپێکردنى هێزەکانى پارتى بەرەو سنورەکانى ژێر دەسەڵاتى پەکەکە.
دەشڵێت، نەک بارزانى و بەرپرسانى پارتى وەڵامی پەیامەکەیان نەدایەوە بەڵکو ماوەی چەند ڕۆژێکە، "بەهاوکاریی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک، هێزی ڕۆژ و هێزی گوڵان، بە چەکی قورس و پێداویستییەکی زۆری جەنگییەوە، ڕەوانەی دەڤەری بادینان و نزیک هەرێمەکانی گەریلا دەکەن."
جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، بە پێچەوانەى پەیامەکەى قەرەیلانەوە پارتى بەردەوامە لە ڕەوانەکردنى هێز بۆ هەرێمەکانى گەریلا و بەوتارى شەڕ ئامێز دۆخەکە بەرەو ئاقارێکى خراپتردا دەبات.
ئەوەش دواى ئەوە هات، لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا لەچەند ناوچەیەکى سنورى بادینان گرژى کەوتە نێوان گەریلاکانى پەکەکە و پێشمەرگەکانى پارتییەوە و پەکەکە پارتى بەوە تۆمەتبار کرد هێز بۆ ئەو ناوچانە دەجوڵێنێت کە لەسنورى ژێر دەسەڵاتیدان و بۆ ئەو مەبەستەش موراد قەرەیڵان پەیامێکى ئاڕاستەى مەسعود بارزانى کرد و ڕاگەیاندبوو، "ئێمە ئەزانین ئەوان ئامادەکاریی شەڕ دەکەن، بۆیە دەمانەوێت بۆچوونی کاک مەسعود لەسەر جوڵەی هێزەکانینان و شەڕی براکوژیی و ئێمە ئامادەین ناکۆکییەکانمان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین".