ناس کورد-
ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و لەچوارچێوەی هەڵسەنگاندنی دۆخی کۆرۆنا لەبارەی دەوامی خوێندنەوە بڕیاردەدات بە بەردەوامبوون بەو شێوازەی ئێستا یاخود گۆڕانکاریکردن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی ھەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا بکرێت و وەزارەتی تەندروستی بۆچوونی خۆی لەبارەی دۆخەكە بدات و دواتر بڕیار بدرێت لەسەر ئەوەی خوێندنی چەند قۆناغێك لەناو پۆلەكان بەردەوام بێت یان ڕابگیرێت.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم دوێنێ شەممە(31ى تشرینى یەکەمى 2020) بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: "تەنها لەناو ناوەندەکانی خوێندن کۆرۆنا نییە، بەڵکو لەدەرەوەش هەیە، بەڵام ئێمە سەلامەتى خوێندکارانمان بەلاوە گرنگە".
وتیشى، "هەمیشە دوو هەفتە تا سێ هەفتە دادەنێین بۆ هەڵسەنگاندن، لەناو ناوەندەکان توشبوون و چاکبوونەوە هەیە، بڕیارى داخستن یان بەردەوامى خوێندن بەشێوەى ئیستا بڕیارى تەندروستییە و ئەوان قسەی یەکلاکەرەوە دەکەن."
بەپێی بریارى وەزارەتى پەروەردە، لەم مانگەوە پرۆسەى خوێندنى قۆناغەکانى یەک و دووى بنەڕەتى، 12ى ئامادەیی دەستیپێکردوەتەوە، بەڵام تا ئێستا لە سنورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و راپەڕین بەهۆى بایکۆتى مامۆستایانەوە دەوامنەکراوە.
بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى پەروەردە، تا ئێستا چوار هەزار و 391 مامۆستا و قوتابی لە ھەولێر و سلێمانی توشی کۆرۆنا بوون و سێ مامۆستاش مردوون.