ناس کورد-
برایەکی د. نەجمەدین کەریم باس لە هۆکاری گیانلەدەستدانی پارێزگاری پێشووی کەرکوک دەکات و دەڵێت، ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکوک زۆر کاریگەری هەبووە لەسەر تەندروستیی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. بەخیار کەریم، برای د. نەجمەدین کەریم (شەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2020) بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: " پێش نزیکەی مانگێک توشی جەڵتەی مێشک بوو، پاشان ڕەوشی باش ببوو، پزیشکەکانی هیوایەکی زۆریان پێداین کە بەرەو باشی دەڕوات، بەڵام بە داخەوە ڕۆژی دووشەممە جەڵتەیەکی تر لێی دا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی لە ڕۆژی هەینی."
ئاماژەی بەوەشكردووە: " وەکو برایەک ناوبەناو قسەی لەگەڵ دەکردم و ئامادەی دەکردین بۆ ئەوەی کە پاش مەرگی ئامادە بین و بەهێز بین."
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن د. نەجمەدین پێشتر شێرپەنجەی هەبووە و پاشان جەڵتە لێی داوە ، براکەی دەڵێت: " ڕاستە شێرپەنەی هەبوو و چارەسەری وەردەگرت، بەڵام ئەوەی هۆکاری مەرگی بوو جەڵتەکە بوو، ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی کەرکوک کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لە سەر تەندروستیی د. نەجمەدین."
نەجمەدین کەریم ساڵى 1949 لەشارى کەرکوک لەدایک بووە و دواى نسکۆى شۆڕشەکەى مەلا مستەفا بەرەو ئەمەریکا کۆچى کردووە و ڕەگەزنامەى ئەو وڵاتەشى هەیە و یەکێک بووە لەپزیشکە تایبەتیەکانى مەلا مستەفا بارزانی.
ساڵى 2011 گەڕاوەتەوە بۆ هەرێم و لەسەر پشکى یەکێتى تا پێش ڕیفراندۆمەکەى هەرێم پارێزگارى ئەو شارە بووە و بەهۆى ئەو ڕوداوانەشەوە چەند جارێک فەرمانى دەستگیرکردنى لەلایەن دادگاکانى عێراقەوە بۆ دەرکراوە و تا پێش نەخۆشکەوتنیشى لەشارى هەولێر ژیاوە.