ناس كورد-
سەركردەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، دروستبوونی شەڕ لەنێوان پارتی و پەكەكە جگە لەماڵوێرانی و دەربەدەری هیچ سودێكی دیكەی نییە، دەشڵێت، وەزارەتی پێشمەرگە نە هێزی ناردووە و نە هیچ ئیعازێكی داوە بۆ شەڕكردن.
ماوەیەکە گرژییەکانی نێوان پارتی و پەکەکە پەرەی سەندووە و هەردوولا لیدوانی دژ بەیەکتر بڵاودەکەنەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لەلایەن دەزگا فەرمییەکانەوە چەند کردەیەکی "تاوانکاری" و "کوشتن" درانە پاڵ پەکەکە، لە بەرامبەردا پەکەکە سەرجەمیان ڕەتدەکاتەوە.
حاجی مەسیفی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ شەممە 31ی تشرینی یەكەمی 2020 بە ناس كوردی راگەیاند: "لە میدیاکانەوە بیستومانە لەملاولا هێز كۆكراوەتەوە بۆ شەڕ کردن، بەڵام شەڕ لەقازانجی هیچ لایەك نییە و جگە لەماڵوێرانی و دەربەدەری و كوشتن سودی دیكەی نییە، لەجیاتی ئەوە پێویستە گفتوگۆ بكرێت".
مەسیفی ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەمان هەیە، وەزارەتی پێشمەرگە نە هێزی ناردووە و نە هیچ ئیعازێكی داوە بۆ شەڕكردن، بۆیە ئەگەر بمانەوێت بەرگری لەحكومەتی هەرێم و پەرلەمان و سنورەكان بكەین، دەبێت وەك حكومەتی هەرێم تەسەروف بكەین، نەك وەكو لایەن".
بەپێی زانیارییەكانی ناس كوردی، بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكانی پارتی و پەكەكە، ئێستا یەكێتی خەریكی نێوەندگیرییە بەتایبەتیش لەگەڵ پەكەكە.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەگەرچی هیچ زانیارییەکی لەوبارەیەوە ئاشكرا نەکرد، بەڵام باسی لەوەکرد: " ئێمە تاڵ و سوێری زۆرمان بە شەڕی ناوخۆ چەشت، وەك هەڤاڵی كۆچكردوو مام جەلال وتویەتی قەت رێگە بە شەڕی ناوخۆ نادەینەوە، بۆیە ئەوەی بەدیالۆگ چارەسەر بكرێت، بۆچی بە شەڕ بكرێت".