کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز
.
ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە گەنجێکی کوردی شاری سلێمانی لە وڵاتی تورکیا بێسەروشوێنە و دەزگای لوتکەش بۆ کاروباری پەنابەران بێ ئاگایی خۆی لە ڕووداوەکە ڕادەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی خێزانی ئەو گەنجە ئاگادارییان نەکردوونەتەوە لە دۆخەکە.
.
ئەو گەنجە ناوی محەممەد حەیدەرە و خەڵکی شاری سلێمانییە، پیشەی پۆلیس بووە و تەمەنی 31 ساڵە، بەمەبەسی ڕۆیشتن بەرەو ئەوروپا چووەتە تورکیا و زیاتر لە دوو هەفتەیە بێسەروشوێنە.
.
محەمەد حەیدەر شەوی 19ی نیسانی 2019، ئەوکاتەی لە دەوام دەبێت کە پیشەی پۆلیس بووە، بەبێ ئەوەی کەسوکاری ئاگادار بکاتەوە شوێنی دەوامەکەی جێدەهێڵێت و لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بەرەو وڵاتی تورکیا دەڕوات.
.
برایەکی محەمەد حەیدەر، بە ناوی ماجید حەیدەر ڕەتی دەکاتەوە براکەی بەهۆی هیچ کێشەیەکی تایبەتەوە ڕۆشتبێتە دەرەوەی وڵات، ئەو بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "براکەم هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یاخود دارایی یان هەرشتێکی دیکەی نەبووە، تا وای لێبکات بچێتە دەرەوەی وڵات و هەرێمی کوردستان جێبهێڵێت".
.

بە وتەی براکەی، محەمەد حەیدەر هاوسەرگیریی کردووە و دوو منداڵی کچی هەیە کە تەمەنیان حەوت ساڵ و 10 ساڵانە، هەروەها هاوسەرەکەشی دووگیانە و بەمنزیکانە منداڵێکی دیکەیان دەبێت.
.
"محەمەدی برام دوای سێ ڕۆژ لە ڕۆشتنی و لە شەوی 22ی نیسانی 2019 کە شەوی بەرات بوو لەڕێگەی ژمارە تەلەفۆنێکەوە پەیوەندی پێوەکردین و وتی من لە تورکیام و ئێستا سواری باخیرە دەبم بەرەو یۆنان و دەچم بۆ ئەوروپا،" ئەوەش بەوتەی براکەی.
.
ئەوە کۆتا پەیوەندی محەمەد بووە بە خێزانەکەیەوە و لەوکاتەوە هیچ دەنگێکی نەبووە و پەیوەندی پێوەنەکردووە.
.
بەهۆی ئەوەی کەسوکاری محەمدە حەیدەر تا ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار بە کاروباری پەنابەرانیان ئاگادار نەکردووەتەوە، دەزگای لوتکە بێ ئاگایی خۆی لە بێسەروشوێن بوونی محەمەد حەیدەر ڕاگەیاند.
.
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "هیچ کەسێک بەو ناوە لای ئێمە تۆمارنەکراوە کە بێسەروشوێن بێت، بەهۆی ئەوەی کەسوکاری ئەو کەسە پەیوەندییان پێوە نەکردووین و ئاگاداریان نەکردووینەتەوە لە بابەتەکە".
.
سەرۆکی دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشبەختانە لەو ماوەیەدا هیچ ڕووداوێکی نەخوازراوی ژێر ئاوکەوتنی بەلەم و باخیرە ڕووینەداوە کە هاوڵاتی عێراقی تێدا بووبێت و بە وتەی ئەو پێدەچێت، محەمەد حەیدەر و ئەو کەسانەی لەگەڵیدابوون لەلایەن جەندرمە و پۆلیسی تورکییەوە دەستگیرکرابێتن و ئامێرەکانی پەیوەندیشیان لێسەندرابێت.
.
.