گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دڵسۆزانە خزمەتی کرد’’

نێچیرڤان بارزانی لە کۆچی دوایی نەجمەدین کەریمدا باسی ’’نەخۆشکەوتنی بارزانی نەمر دەکات’’

2020.10.31 - 14:53
App store icon Play store icon Play store icon
نێچیرڤان بارزانی لە کۆچی دوایی نەجمەدین کەریمدا باسی ’’نەخۆشکەوتنی بارزانی نەمر دەکات’’

ناس کورد-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمی کوردستان پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکوک بڵاوکردەوە و دەڵێت، "له‌ كاتى نه‌خۆشكه‌وتنى بارزانيى نه‌مردا، دڵسۆزانه‌ خزمه‌تى كرد."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکیدا (31ی تشرینی یەکەمی 2020) دەڵێت، "د. نەجمەدین كەریم، تەمەنی گەنجیی خۆی بەخشییە شۆڕشی كوردستان و وەك پزیشكێكی لێهاتوو و پێشمەرگەیەك بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی گوڵاندا كرد."

 

ئەمڕۆ شەممە (31ی تشرینی یەکەمی 2020)، نەجمەدین کەریم، پارێزگای پێشووی کەرکوک دوای نزیکەى مانگێک لە توشبوونی بە جەڵتەی مێشک، لە تەمەنی 71 ساڵیدا و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی واشنتن کۆچی دوایی کرد، لەسەر وەسیەتی خۆیشی، تەرمەکەى دەهێنرێتەوە بۆ کوردستان.

 

دەقی پەیامەکە:

پرسه‌نامه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ كۆچى د. نه‌جمه‌دين كه‌ريم

كۆچی دوایيی د. نەجمەدین كەریم، بۆ ئێمە و بۆ گەلی كوردستان هەواڵێكی خەمناك بوو. پرسە و سەرەخۆشيی قووڵم پێشكه‌ش بە هاوسەر و منداڵەكانی، كەسوكار و خزمانی و خەڵكی كەركووك و گەلی كوردستان دەكه‌م، هاوخه‌ميانم.

د. نەجمەدین كەریم، تەمەنی گەنجیی خۆی بەخشییە شۆڕشی كوردستان و وەك پزیشكێكی لێهاتوو و پێشمەرگەیەك بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی گوڵاندا كرد. له‌ كاتى نه‌خۆشكه‌وتنى بارزانيى نه‌مردا، دڵسۆزانه‌ خزمه‌تى كرد. لە ئەمه‌ریكا وەك پزیشكێكی كارامه‌ كاری كرد بەبێ ئەوەی لە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی داببڕێت.

هۆگری و پابەندییەكی بێسنووری بۆ شارەكەی، كەركووك هەبوو. دوای ئەوەی بووە پارێزگار، زۆر كاری گرنگی خزمەتگوزاری بۆ كه‌ركووك ئه‌نجام دا، دووركەوتنەوەشی لە كەركووك بە شێوەیەكی نائاسایی و بارودۆخی ئاڵۆزی شاره‌كه‌، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر دروستكردبوو.

د. نەجمەدین دڵسۆزی كوردستان و نەتەوەكەی بوو، لەبەر ئەوەش پەیوەندییەكی زۆر فراوانی لەگەڵ خەڵك و هێز و لایەنەكانی كوردستاندا هەبوو، به‌تايبه‌تى سه‌رۆك بارزانى و خوالێخۆشبوو سه‌رۆك مام جه‌لال، بۆ هه‌موو ئەو ئەركانەش ئاماده‌ بوو كه‌ بەهۆی ئەو پەیوەندییە فراوانەیەوە دەكەوتنە سەرشانی.

خەبات و دڵسۆزیی د. نەجمەدین كەریم لە بیری ئێمە و هەموو دۆست و ئاشنایانی و خەڵكی كوردستاندا بە زیندوویی دەمینێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
31/10/2020