ناس كورد-
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەرچەندە ئاماری ورد نییە سەبارەت بەژمارەی تووشبووان لەتەمەنی سفر تەمەنی تا 10 ساڵی، بەڵام بەهۆی كردنەوەی قوتابخانەكانەوە ژمارەی تووشبوانی ئەو تەمەنە زۆرە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی داشبۆردى حکومەتى هەرێم بۆ بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا، لەسەر ئاستى تەمەن، توشبووانى تەمەن سفر-19 ساڵى لە ریزبەندى چوارەمى توشبوواندان لەکۆى حەوت ئاستى تەمەن.
د.ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ناس كوردی راگەیاند (31ی تشرینی یەكەمی 2020)، لەنێو تووشبووانی كۆرۆنا تەمەنی سفر تا 10 ساڵ زۆرە هۆكاری سەرەكیش كردنەوەی قوتابخانەكان و پشكنینی زۆرە، بەڵام ئاماری ورد بۆ زانینی ژمارەیان لەبەردەستدا نییە.
روونیشیكردەوە، جگە لەكردنەوەی قوتابخانەكان، بەداخەوە پابەندنەبوونی هاوڵاتیانیش بەڕێنماییەكانی خۆپارێزییەوە بۆتەهۆی زیادبوونی تووشبووان، چونكە خەڵك تاڕادەیەك بڕیاریداوە پابەند نەبێت.
سەرەتاى ئەم مانگە پزیشکێکى منداڵان ئاشکرایکرد، توشبوونى منداڵان بە کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان ڕووى لە زیادبوون کردووە.
د.ئاکۆ کەریم لە لاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک ئاماژەى بەوەکردووە، "ئەوەی تێبینیم کردووە لەم چەند هەفتەیەدا رێژەی توشبوونی منداڵان بە کۆرۆنا زۆر رووی لە زیاد بوون کردووە و نیشانەکانی بە توندی دەردەکەوێت".
دەشڵێت، "تکایە پابەندی ڕێنمایەکان بن، مەڵێن منداڵ تووشی کۆرۆنا نابێت، نەخۆشم هەیە لەم چەند ڕۆژەدا تووش بووە تەمەنی دوو ساڵە، کێشەی گەورەی لە دەمارەکانی دڵیدا بۆ دروستکـردووە".
بەوتەى ئەو پزیشکە، نیشانەکانی کۆرۆنا لە منداڵ هەر وەک گەورە وایە، زۆر شێوازی جیاوازی هەیە، منداڵ هەیە تووشی تاو سکچوون ئەبێت، هەیە بەس تای بەرز و لەرزی هەیە، هەیە کۆکە و تەنگەنەفەسی.
هەورەها تکا لە دایک و باوکان دەکات "کە گەر منداڵەکەیان نەخۆش بوو نەڵێن سەرمای بووە یان بە بۆن کەوتووە، سەردانی دکتۆری منداڵان بکەن."
ماوەی چەند هەفتەیەکە ئامارەكانی تووشبووانی كۆرۆنا روویان لەزیادبوون كردووە، بڕیارە سبەینێش لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا كۆببنەوە و یەكێك لەئەگەرەكانیش داخستنی تەواوەتی قوتابخانەكانە.