ناس کورد-
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە تەندروستى قادرى حاجى عەلى دەڵێت، بارودۆخى تەندروستى ناوبراو لەنێوان جێگیرى و ناجێگریدایە و پزیشکەکانیش چاوەڕوانى گۆڕانکاریین لە دۆخى تەندروستیدا.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە تەندروستى قادرى حاجى (31ى تشرینى یەکەمى 2020) بەناس کوردى ڕاگەیاند، "بەهۆى بەکارهێنانى ئامێرێکەوە کە هەوکردن و ئاوى زیادە لە سییەکان دەردەکات لەئێستادا ڕێژەى ئۆکسجینى سییەکانى بەرەو ئاستێکى باشتر دەڕوات و بەو هۆیەوە پزیشکەکان ئومێدى جۆرێک لە گۆڕانکارییان لەلا دروستبووە".
وتیشى، "لەئێستادا پزیشکێکى پسپۆڕیی هەناوى و سییەکان کە لەسویدەوە گەڕاوەتەوە بەهاریکارى تیمێک لە پزیشکەکانى نەخۆشخانەى فاروق چاودێرى تەندروستى دەکەن و چاوەڕوانى گۆڕانکاریین لەدۆخى تەندروستى".
ئەوەش لەکاتێکدایە، بۆ ماوەى دوو ڕۆژە بۆ جارێکى تر هاوڕێ و هەودارانى قادرى حاجى عەلى لەڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە داواى شیفاى بۆ دەکەن و ژمارەیەکیش لاواندنەوەى ناڕاستەوخۆى بۆ دەکەن کە بەپێى لێکدانەوەکان ئاماژەیەک بوو بۆ ناجێگیرى تەندروستى ناوبراو.
زیاتر لە 20 ڕۆژە بەهۆى توشبوونى بەڤایرۆسى کۆرۆنا و ناجێگیرى دۆخى تەندروستیەوە، قادرى حاجى عەلى یەکێک لەدامەزرێنەرە سەرەکیەکانى بزوتنەوەى گۆڕان داخڵى نەخۆشخانەى فاروق لەشارى سلێمانى کراوە.