ناس کورد-
كۆسرەت ڕەسول عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاوخەمی خۆی بۆ کۆچی دوایی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکوک ڕاگەیاند کە ئەمڕۆ لە تەمەنی 71 ساڵیدا لە واشنتن گیانی لەدەست دا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کۆسرەت ڕەسوڵ لە هاوخەمییەکەدا دەڵێت، "نەجمەدین كەریم سیاسەتمەدارو دیبلۆماتكارو تێكۆشەرێكی گەورەی گەلەكەمان بوو، یەكێك بوو لە نزیكترین هاوڕێ و دۆستەكانی جەنابی مام جەلال، لە ژیان و خەباتی زیاتر لە نیو سەدەی خۆیدا لە كوردستان و لە دەرەوەی وڵات خزمەتێكی یەكجار گەورەی بە میللەتەكەمان كردووە، هەمیشە خەباتی دەكرد لەپێناو میللەتەكەمان و خۆشگوزەرانی زیاترو گەیشتن بە مافە ڕەواكانمان."
ئەمڕۆ شەممە (31ی تشرینی یەکەمی 2020)، نەجمەدین کەریم، پارێزگای پێشووی کەرکوک دوای نزیکەى مانگێک لە توشبوونی بە جەڵتەی مێشک، لە تەمەنی 71 ساڵیدا و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی واشنتن کۆچی دوایی کرد، لەسەر وەسیەتی خۆیشی، تەرمەکەى دەهێنرێتەوە بۆ کوردستان.
دەقی هاوخەمییەکە:
كۆسرەت ڕەسول هاوخەمی بۆ كۆچی دوایی دكتۆر نەجمەدین كەریم دەردەبڕێت
بە خەم و پەژارەیەكی یەكجار قووڵەوە هەواڵی كۆچی دوایی (دكتۆر نەجمەدین كەریم)م زانی.
دكتۆر نەجمەدین كەریم سیاسەتمەدارو دیبلۆماتكارو تێكۆشەرێكی گەورەی گەلەكەمان بوو، یەكێك بوو لە نزیكترین هاوڕێ و دۆستەكانی جەنابی مام جەلال، لە ژیان و خەباتی زیاتر لە نیو سەدەی خۆیدا لە كوردستان و لە دەرەوەی وڵات خزمەتێكی یەكجار گەورەی بە میللەتەكەمان كردووە، هەمیشە خەباتی دەكرد لەپێناو میللەتەكەمان و خۆشگوزەرانی زیاترو گەیشتن بە مافە ڕەواكانمان، لە سەردەمی كاركردنی وەك پارێزگاری كەركووك لەڕووی خزمەتگوزاری و بەرقەراربوونی دۆخی ئەمنی و پێكەوەژیان لە شارەكە توانی خزمەتێكی یەكجار گەورە بە كەركووك و كەركووكییەكان بكات.
بەداخەوە ئەمڕۆ كۆچی دوایی كردو بۆ هەتا هەتایە هەموومانی جێهێشت، خەمی كۆچی دوایی دوایی و لەدەستدانی دكتۆر نەجمەدین كەریم ئازارێكی قووڵەو هەموومان نیگەرانین، پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم ئاراستەی خۆمان و خانەوادە تێكۆشەرەكەیان. دەكەم، داواكارم خوای گەورە سەبووری هەموومان بدات و كۆچكردووش جێگای بەهەشتی بەرین بێت.
كۆسرەت ڕەسول عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان