گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئامارى مردووان و بریندارانى بومەلەرزەکەى تورکیا هەڵکشا

2020.10.30 - 23:47
ئامارى مردووان و بریندارانى بومەلەرزەکەى تورکیا هەڵکشا

ناس کورد-

 

ژمارەى ئەو کەسانەى بەهۆى بومەلەرزەکەى تورکیاوەوە گیانیان لەدەستدا گەیشتە ١٧ کەس و بریندارانیش گەیشتە زیاتر لە  ٧٠٠ کەس.

 

 

سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری بەپەلەی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی لە بوومەلەرزەکەی ئیزمیر گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ١٧ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتە ٧٠٩ کەس. ھەروەھا ھەڵمەتی گەڕان و رزگارکردن لە ١٧ بینادا بەردەوامە.

 

بومەلەرزەکە شارى ئیزمیرى تورکیا و دورگەى ساموسى یۆنانى هەژاند و سۆنامیەکى نیمچەییشى لێکەوتەوە.  

  

فەخرەدین قوجە وەزیرى تەندروستى تورکیا لە تویتێکدا کە ناس کورد دیویەتى رایگەیاند (30ى تشرينى يەكەمى 2020)، 38 ئۆتۆمبیلى فریاگوزاریی و 35 تیمى پزیشکى و هەلیکۆپتەر رەوانەى شوێنى بومەلەرزەکە لە ئیزمیر کراون.  

    

هەر لەو چوارچێوەیەدا پارێزگارى ئیزمیر رایگەیاند، نیمچە سۆنامیەک لەدواى بومەلەرزەکە روویداوە بەهۆیەوە کەسێک برینداربووە.  

  

هاوکات، نیکوس ستيفانيس بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى ساموس لە یۆنان رایگەیاند، بەهۆى بومەلەرزەکەوە چوار کەس بە سوکى برینداربوون.  

  

باسى لەوەشکردووە، بیناکانى دورگەکە زیانیان بەرکەوتووە و بومەلەرزەکەش بەهێز بووە و ماوەیەک بەردەوام بووە.