گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وێنە کاریکاتێرییەکان گەیشتنە بەلجیکا..مامۆستایەک سزادرا

2020.10.30 - 22:24
وێنە کاریکاتێرییەکان گەیشتنە بەلجیکا..مامۆستایەک سزادرا

ناس کورد-

 

دەسەڵاتدارانی بەلجیكا مامۆستایەكیان لە ناوچەی مۆلینیبیك سان جا لە برۆكسلی پایتەخت لەکارەکەى راگرت، بەهۆی ئەوەی وێنەی كاریكاتێری جوڵاوی لەسەر "محەمەد" پێغەمبەری ئیسلام پیشانی خوێندكارانی دابوو، ڕێوشوێنی پێویستیش دژی گیرایەبەر.

 

 

ڕۆژنامەی "لالیبر"ی بەلجیكی بڵاویكردووەتەوە (30ی تشرینی یەكەمی 2020)، بەپێى زانیاریەكانی دایك و باوكان كە لە منداڵەكانیانەوە وەریانگرتووە، مامۆستای خوێندنگەیەك وێنەی كاریكاتێری جوڵاوی پێغەمبەری ئیسلامی پیشانی خوێندكاران داوە و پێی وتون ئەوەی نایەوێت سەیری بكات با سەیری زەوى یاخود شوێنێكی تر بكات.

 

ئەوە لەكاتێكدایە پێش چەند رۆژێك مامۆستایەك لە پاریسی پایتەختى فەرەنسا بەهۆی ئەنجامدانی هەمان كارەوە سەربڕدرا.

 

لای خۆیەوە هیشام شاكر ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ناوچەی مۆلینیبیك سان جا ئاماژەی بەوەداوە، منداڵەكەی لەناو پۆلدا بووە كاتێك وێنەكان پیشاندراون، بۆیە ئەویش بەڕێوەبەرایەتی خوێندنگەكەی لە روداوەكە ئاگادار كردوەتەوە.

 

شاكر پێشی وایە، ئەو كارە هیچ شتێك نابەخشێت و منداڵەكان فێری ڕقلێبونەوە دەكات، "سوكایەتی بە مامۆستاكە یاخود هیچ كەسێكی تر ناكەین بەڵام داوا دەكەین ڕێزی ئایینەكەمان بگیردرێت و ڕێگەمان بدەن بە كەرامەت و ڕێز و برایەتی بژین، ئایینەكەمان هەرچییەك بێت".

 

لای خۆشیەوە شارەوانی ئەو ناوچەیە جەختیكردوەتەوە، ئەو مامۆستایە زیادەڕەوی كردوە لە بەرنامەی خوێندن و رێوشوێنی پێویست دژی گیراوەتەبەر.