ناس کورد-
دەزگاى لوتکە رایگەیاند، دۆخى ئەو کۆچبەرە کوردانەی لەدەریای سپی ناوەڕاست لەلایەن هێزی دەریایی میسريەوە ڕزگار کران و لەو وڵاتە دەستبەسەرن زۆرباشە، لە ئایندەیەکى نزیکدا دەگەڕێنرێنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەزگاکە کە بایەخ بە کاروبارى کۆچبەر و پەنابەران دەدات لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە رایگەیاند (30ی تشرینی یەكەمی 2020)، ڕەوشی ئەوکۆچبەرانە زۆرباشن و هیچ کێشەیەکی تەندروستی و جێگای و ڕێگایان نییە.
ئاماژەى بەوەشکردووە "تەنها لەڕووی یاساییەوە لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبوون و چاوەڕوانی ئەوەین لەڕووی یاساییەوە لێکۆڵینەوەکان کۆتایی بێت و دواتر ئاسانتر دەتوانین کار بۆ ئازاد کردنیان و گەڕاندنەوەیان بکەین بۆ وڵات".
دەزگاکە کەسوکاری ئەو کۆچبەرانە دڵنیادەکاتەوە، ڕۆڵەکانیان بێ کێشە و گرفتن و سەلامەتن، لەئایندەیەکی نزیک هەواڵی گەڕانەوەیان ڕادەگەیەنن.