گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سی ئێن ئێن بەشێک لە پلانەکەى ئێرانی بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانى ئەمریکا ئاشکراکرد

2019.05.08 - 15:09
سی ئێن ئێن بەشێک لە پلانەکەى ئێرانی بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانى ئەمریکا ئاشکراکرد
ناس کورد- تەلەفزیۆنی سی ئێن ئێنی ئەمریکی ئاشکرایکرد، ئێران موشەکی بالستی کورت مەودای ڕەوانەى ئاوەکانى کەنداو کردووە و هەر ئەوەش بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر هێزەکانى ئەمریکا و ناوچەکە. هەرچەندە تائێستا بەرپرسانى واشنتۆن بە ئاشکرا باسیان لەو هەنگاوانەى ئێران نەکردووە کە بوونەتە هەڕەشە بۆسەر بەرژەوەندییەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام چەند بەرپرسێکى ئەمریکی بە سی ئێن ئێنیان وتووە، "ئێران لەڕێگەى بەلەمەوە موشەکی بالستی کورت مەودای ڕەوانەى ئاوەکانى کەنداو کردووە. . هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەى سی ئێن ئێن، "موشەکی بالستی کورت مەودا دەبێتە هەڕەشە بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و تەواوی ناوچەکەش، چونکە ئەگەر ئێران بتوانێت لەسەر ئەو بەلەمانە و لە چەند ناوچەیەکەوە ئەو موشەکانە بتەقێنێت، ئەوە دۆزینەوەی موشەک و ئەو شوێنەى موشەکەکانی لێوە هەڵدراوە قورست دەبێت. ڕاشیگەیاند، لەئێستادا بەرپرسانی پنتاگۆن لە گفتوگۆدان بۆ ناردنی هێزی زیاتری موشەکی و ئاسمانی وەک سیستمی بەرگریی پاتریۆت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەشڵێت، بەرپرسانى ئەمریکا خوازیارن خۆیان لە پێکدادانی ڕاستەوخۆی ئێران بەدور بگرن هەر بۆ ئەو مەبەستەش پێشتر کەشتی فڕۆکەهەڵگر و فڕۆکەى بۆمبهاوێژی بی 52ی ناردووە تاوەکو پەیامێک بداتە ئێران.