گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’نیگەرانیی ئێمە ئەوەیە’’

شەڕ لە نێوان پارتی و پەکەکە ڕوو دەدات؟.. قەرەیلان بە نیگەرانییەوە وەڵام دەداتەوە

2020.10.30 - 10:59
App store icon Play store icon Play store icon
شەڕ لە نێوان پارتی و پەکەکە ڕوو دەدات؟.. قەرەیلان بە نیگەرانییەوە وەڵام دەداتەوە

ناس کورد-

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لەبارەى ڕوودانی شەڕ لەگەڵ پارتی ڕایگەیاند، "ئێستا گومانی ئێمە ئەوەیە، نیگەرانیی ئێمە ئەوەیە، بۆ ئەوەش من دەمەوێت بە ئاشکرا بانگ بکەم، دەمەوێت ڕێگریی لێ بکرێت." 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە پرسیاری ئەوەى ئایا شەڕی پارتی و پەکەکە ڕوودەدات، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ستێرک تیڤی سەر بەو پارتە کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (30ی تشرینی یەکەمی 2020) دەڵێت، "ئێستا گومانی ئێمە ئەوەیە، نیگەرانیی ئێمە ئەوەیە، بۆ ئەوەش من دەمەوێت بە ئاشکرا بانگ بکەم، دەمەوێت ڕێگریی لێ بکرێت، ئەگەر وەها بێت ئەوە ڕووداوی نەخوازراو ڕوودەدات، با کەس بەو شێوەیە بیر نەکاتەوە، کە ئێستا ئێمە ئامادەکاریی شەڕ دەکەین، شتێکی وەها نییە، بۆیە ئێمە لە چوارچێوەی نەتەوەیەدا پێداگریی دەکەین."

 

دەشڵێت، "سەرۆک ئاپۆ یەکجار توانیی دوای 22 ساڵ بۆ یەکەمجار بە تەلەفون قسە بکات، 20 خولەک لەگەڵ محەمەدی برایدا قسەی کرد، 15 خولەکیان لەسەر یەکێتیی نەتەوەی قسەی کرد، سەرۆکمان بەو شێوەیە بیر دەکاتەوە، ئێمەش بەو شێوەیە بیر دەکەینەوە، چۆن دەبێت، بەو شێوەیە خۆیان بە ئەڵتەرناتیڤ بزانن و هەموو شوێنێک بگرن، شتێکی بەو شێوەیە نییە، دیارە لێرەدا سیستمی هەواڵگریی و سیخوڕیی دوژمن ڕۆڵی ئاژاوەنانەوە و فیتنەگەرانەی زۆری هەیە، بۆ ئەوەش دەمەوێت هەموو کەس هۆشیار بێت، لە پێش هەموانیشەوە گەل، سیاسەتمەدارانی کورد و هەمیش پەدەکە و پەکەکە."

 

زیاتر بخوێنەوە: دوایین پێشهاتى گرژییەکانى پارتى و پەکەکە.. ’’بۆنى شەڕ لە ئاشتى زیاترە’’

 

باسی لەوەش کرد، "بابەتی نێوان پەکەکە و پارتی بابەتی نێوان دوو حیزب نییە، بابەتێک پەیوەندیی بە هەموو کوردانەوە هەیە، بابەتی نەتەوەییە، بۆ ئەوەش دەمەوێت هەموو کەس پێوەیەوە پەیوەست و سەرقاڵ بێت، ئێمە ئامادەین، بۆ هەر کێشەیەکیش دەتوانرێت چاودێریش هەبن و گفتوگۆی لەسەر بکەن، ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین، ئێمە چاوەڕێین، کە ڕێگریی لێ بکرێت و بەو شێوەیە بێت، چونکە ئەو دۆخە ڕێگا بەرووی مەترسیدا دەکاتەوە، مەترسی ڕوودەدات، دەمانەوێت ئارامی پێکبێت، لە کوردستان ئارامی پێشبکەوێت، بەو شێوەیە چارەسەریی بۆ ئەوە بدۆزرێتەوە."

 

هێمای بۆ ئەوەش کرد کە "ئێمە باسی پەدەکە و هاوکارەکانیانمان کرد، ئێستا لەم دواییەدا لە 9ی تشرینی یەکەمدا، کە مانای 9ی تشرینی یەکەم لەلایەن کوردەوە دەزانرێت، لە نێوان هەولێر – بەغدادا بەنهێنی ڕێککەوتنێک لەسەر شەنگال واژۆ کرا، دوای ماوەیەک خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کران."

 

پەیوەندییەکانى پارتى و پەکەکە کە هەردووکیان لەمانگى ئابدا دامەزراون (پەکەکە 15ى ئابی 1984، پارتى 16ى ئابی 1946)، بەدرێژایی نزیکەى چوار دەیەى ڕابردوو هەڵکشان و داکشانى زۆرى بەخۆوە بینیوە تا گەیشتووەتە شەڕى ناوخۆى نێوانیان.    

  

مێژووى سەرهەڵدانى پەیوەندى نێوان ئەو دوو پارتە دەگەرێتەوە بۆ هەشتاکانەى سەدەى ڕابردوو، کە رێککەوتنى هەردوولاى لێکەوتەوە، بەڵام لەساڵى 1985 دواى ئۆپراسیۆنێکى سەربازى تورکیا دژى پەکەکە، رێککەوتنەکە کۆتایی پێهات و گرژى نێوان هەردوو حزبەکە دەستیپێکردەوە و کە تا سەرەتاى نەوەدەکان بەردەوام بوو، هەندێکجار پێکدادانى چەکدارى لەنێوانیان روویدەدا.    

  

ساڵێک دواتر و لەساڵى 1991 دواى دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنێکى سەربازى تورکیا، شەڕێکى فراوان کە چەندین ساڵى خایاند لەنێوان هەردوولا هەڵگیرسا تا ساڵى 1997 کە رێککەوتن لەسەر کۆتایی هێنان بەشەڕ.    

  

گرژییەکانى پەکەکە و پارتى لەدواى هێرشەکانى داعش لەساڵى 2014 و کۆتایی هاتن بەو شەڕە، پێینایە قۆناغێکى نوێوە و پەڕیەوە بۆ رۆژئاواى کوردستان دواى ئەو ئەزمونە خۆبەرێوەبەرییەى لەناوچە کوردییەکان دروستببوو، کە پارتى بە دەسەڵاتى پەکەکە ناویدەبات و پشتیوانى لەچەند حزبێک دەکات لەو بەشەى کوردستان کە لەگەڵ دەسەڵاتى خۆبەرێوەبەرى دان بەیەکتردا نانێن.    

  

هەروەها لەبەشێک لەو ناوچانەى لەداعش پاککرانەوە، بەتایبەتى لە سنورى شنگال چەند جارێک گرژى و ئالۆزى لەنێوان پارتى و پەکەکە روویداوە تا ئاستى پێکدادانى چەکدارى.