ناس كورد-
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک ئاشکرای کرد کە "پیاوێکی بە ڕەگەز سوری خێزانەکەى خۆی کوشتووە و دواتر لەلایەن ئامۆزای ژنەکەیەوە بە چەقۆ کوژراوەتەوە."
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پارێزگاکە بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوەکەى بە ناس کوردی وت (30ی تشرینی یەکەمی 2020)، "ڕووداوێکی کوشتنی ژن و پیاوێک لە ناو خێزانێکی ڕۆژئاوای کوردستانی نیشتەجێی گەڕەکی حەی نیدا لە شاری کەرکوک ڕووی داوە" و دەڵێت، "ماوەی حەوت ساڵە ئەو خێزان لە عێراقن، ژن و پیاوەکە (هەردووکیان 26 ساڵ بوون) ماوەی ساڵێكە لەیەكتر جیابوونەتەوە، پیاوەكە لە بەغدا نیشتەجێ بووە، ژنەكەش لە ماڵی باوكی بووە، بەڵام منداڵیان نییە."
سەرچاوەكەی ناس كورد وتی، "ئەو ژن و پیاوە كێشەی كۆمەڵایەتییان هەبووە، شەوی رابردوو پیاوەكە چووەتە سەر ماڵی خەزوری و بەدەمانچەی توركی شەش گولـلەی لە ژنەكەی داوە و كوشتویەتی، برای كچەكەش بریندارە لە نەخۆشخانەی ئازادی نەشتەرگەری بۆ دەكرێت، كەسوكاری ژنەكەش لە بەرامبەر ڕووداوەكە، پیاوەكەیان گرتووە و ئامۆزای ژنەكە لەبەردەم دەرگاكە بە حەربیەی سەربازی سێ حەربیەی لە پیاوەكە داوە و كوشتویەتی و دانی بە تاوانەكەیدا ناوە."
باسی لەوەشکرد کە "لەسەر بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردووە".