گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هێرشێکی نوێ لە تەڤگەرەوە: پارتی شەڕ بۆ تورکیا دەکات

2020.10.30 - 08:42
هێرشێکی نوێ لە تەڤگەرەوە: پارتی شەڕ بۆ تورکیا دەکات

ناس كورد-

هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان ڕەخنە لە سیاسەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەگرێت و دەڵێت، "پارتی بە سیاسەتەكانی، بە وەكالەت شەڕی بەرژەوەندییەكانی تورك دەكات و ھیچ ھێزێك ھێندەی پارتی دۆخ  و ئەمنیەت و ئاسایش و دەرون و ژیانی ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمەیان تێك نەداوە."

 

محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆكی گشتی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگای كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ میدیای فەرمی پەكەكە کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (30ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاندووە، "لە جوڵاندنی ئەو هێزانە و ناوەڕۆكی ئەو بەیاننامەیەدا دەردەكەوێت، كە پارتی بۆ هەمیشە وەك مێژووی ڕابردووی لە بازنەی سیاسەتەكانی داگیركەران جموجوڵ دەكات، كە زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە لە چوارچێوەی سیاسەتەكانی دەوڵەتی توركدایە، ئەم ڕووداوانەش دیارخەری ئەوەن كە پارتی لە باشوری كوردستان بەوەكالەت شەڕی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتی تورك دەكات، وەك چۆن توركیا بڕیاری داوە نەهێڵێت لە هیچ كوێیەك ئیرادەی كوردی ئازاد هەبێت و كورد بە ئامانجەكانی بگات، پێدەچێت پارتیش بڕیارێكی وای دابێت."

 

ناوبراو وتویەتی، "پارتی سیاسەتێكی مەترسیدار بەڕێوەدەبات، لە كاتێكدا خەڵكی چالاكوان، دیموكراتیخواز و شۆڕشگێڕی خۆت بە تیرۆریست بناسێنیت، هەموو ئەوانەی كە لەزیندانەكانی پەدەكەدان، خەڵكی چالاكوانی سیاسی و مەدەنی و ڕۆژنامەنوسن، كە شەڕی بەرژەوەندییەكانی خەڵك دەكەن، ئەمەش لەكەداركردنی ئەزمون و تێكۆشانی باشوری كوردستانە لە ئاستی ناوخۆ و نێونەتەوەییشدا، لەهەمووشی مەترسیدارتر ئەوەیە كە ئەم سیاسەتانە لەژێر ناوی حكومەت دەكات نەك پارتی".

 

وەك محەمەد عەبدوڵا دەڵێت، "پارتی خۆی درك بەوەدەكات كە سیاسەتێكی هەڵە و مەترسیدار بەڕێوەدەبات، بۆیە دەیداتە پاڵ دام و دەزگا حكومییەكان یاخود حزبە كوردییەكان، بە ویستی خۆی بڕیار دەردەكات لەسەر ناوی دام و دەزگا حكومییەكان، پەرلەمان و ئەنجومەنی ئاسایش، دەبێت ئەم سیاسەتە بوەستێنرێت، ئەو حزب و لایەنانەش كە بێدەنگن لەبەرامبەر ئەمەدا، ئەو هێزەیان داوە بە پەدەكە، كە بتوانێت بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ دۆزی كورد بكات".

 

سەبارەت بەڕێككەوتنی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێم بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەی شنگال، هاوسەرۆكی گشتی تەڤگەر ئاماژەی بەوەكردووە، لە دوای 73 فەرمان لە كاتێكدا هێشتا خوێن لە برینی شەنگال دەچۆڕێت، لەدەرەوەی ئیرادەی گەلی ئێزیدی جارێكی تر پەدەكە بە پیلانی توركیا ڕێككەوتن لەسەر شەنگال دەكات، كە هەموو لایەك دەزانێت ئەمە تەواوكردنی هەنگاوەكانی داعشە كە توركیای لە پشتەوەیە.

 

هەروەها دەڵێت، "ھیچ ھێزێك ھێندەی پارتی دیموكراتی كوردستان، دۆخ و ئەمنیەت و ئاسایش و دەرون و ژیانی ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمەیان تێك نەداوە، ھیچ لایەك ھێندەی ئەم لایەنە ئەزمونی ئەم ھەرێمەی لەكەدار و بێ ئەرزش نەكردووە و سوكایەتی بە بەرھەمی خوێنی ھەزاران شەھید نەكردووە، لەبەرامبەر ئەمەشدا ناڕەزایەتییەكی فراوان هەیە لەناو گەلدا، بەڵام پێویستی بەڕێكخستنەوە و كۆكردنەوە هەیە بۆ ئەوەی ببێت بە بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی كاریگەر لە ناو گەلدا كە لە ئێستا زۆر گرنگ و پێویستە".