ناس کورد-
ئاژانسى فرانس پرێس ئاشكرايكرد، هێرشبەرەكەى شارى نيس كە سێ كەسى كوشت كۆچەرێكى تونسييە و تەمەنى 21 ساڵە، لە ئيتاڵياوە پێش چەند هەفتەيەك چووەتە فەرەنسا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فرانس پرێس (پێنج شەممە 29ى تشرينى يەكەمى 2020) بڵاويكردووەتەوە، ئەو كەسەى هێرشەكەى سەر كەنيسەكەى شارى نيسى ئەنجامدا ناوى "ئيبراهيم عوساوى"ييە و تەمەنى 21 ساڵە.
ڕونيشكراوەتەوە، ناوبراو چەند هەفتەيەك پێش ئێستا لە ئيتاڵياوە ڕويكردووەتە فەرەنسا، هێزەكانى پۆليس برينداريان كردووە و گواستراوەتەوە نەخۆشخانە.
لاى خۆيەوە "كريستيان ئيتروسى" سەرۆكى شارەوانى نيس باسى لەوەكردوە، ناوبراو لەكاتى چارەسەركردندا بەردەوام "الله اكبر"ى وتووەتەوە، تائێستاش نازانرێت كە لەلايەن هێزە ئەمنى و هەواڵگريەكانى فەرەنساوە ناسراو بووە ياخود نا.
ئاژانسەكە ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، عوساوى لە كۆتايى مانگى سێپتەمبەردا لە دورگەى لامبيدوساى ئيتاڵييەوە چووەتە فەرەنسا كە لەوێ لە كەرەنتينەدا بووە بەهۆى بڵاوبونەوەى كۆرۆناوە، دواتر ڕێگەى دراوە بڕوات و فەرمانى پێكراوە كە خاكى ئيتاڵيا جێبهێڵێت.