گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تورکیا هێڵە سورەکەى بەزاند و ئەمەریکا هەڕەشەی توندى لێدەکات

2020.10.29 - 18:45
تورکیا هێڵە سورەکەى بەزاند و ئەمەریکا هەڕەشەی توندى لێدەکات

ناس کورد-

بەرپرسێکى باڵا لەوەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەهۆى تاقیکردنەوەى سیستمى ئێس 400ی ڕووسییەوە، تورکیا لەلێوارى مەترسیدایە بۆ سەپاندنى سزا ئابوورییەکان بەسەریدا، دەشڵێت سەپاندنى سزاکان دەبنە جدى.

 

لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنوسان کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە، کلارک کۆپەر، بەرپرسى فرۆشتنى چەکەکان لەوەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا (29ى تشرینى یەکەمى 2020) ڕایگەیاندووە، تورکیا بۆ بەکارهێنانى  سیستمى ئێس 400ی ڕووسى لەهەوڵەکانى بەردەوامە.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، دواى ئەوەى هەفتەى ڕابردوو ئەردۆگان ئەوەى ڕاگەیاند کە مانگى ئەیلول سیستمە ڕووسیەکەیان تاقى کردووەتەوە، سەپاندنى سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا پێشنیار کراوە، چونکە واشنتۆن پێیوایە ئەو کارەى تورکیا دژى بنەماکانى ئەندامبوونیەتى لە ناتۆ.

 

کۆپەر باسى لەوەشکردووە، ساڵى ڕابردوو ئەمەریکا ئەوەى بەتورکیا گەیاندووە، کە هێڵى سوور بەلاى ئەمەریکاوە کارپێکردنى سیستمى بەرگریى ئێس 400ی ڕووسیە، کە تورکیا لەساڵى 2017 ەوە لەڕووسیای کڕیوە، ئەوەش لەچوارچێوەى هەوڵەکانى نزیک بوونەوەى ئەنقەر لە مۆسکۆ.

 

ئەو بەرپرسەى ئەمەریکا جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە، هۆشداریان بە تورکیا داوە کە تاقیکردنەوەى ئەو سیستمە بەهیچ شێوەیەک مایەى قبوڵکردن نیە و کۆشکى سپیش لەگەڵ ئەنقەرەدا بەردەوامە بۆ ئەوەى ئەو وڵاتە قایل بکات کار بەو سیستمە نەکات.

 

ئیدارەى ئەمەریکا دەتوانێت سزاى ئابوورى بەسەر تورکیادا بسەپێنیت، ئەوەش بەپێى پڕۆژەیاسایەک کە کۆنگرێسى ئەمەریکا لەساڵى 2017 دەنگى لەسەردا بەمەبەستى بەرەنگاربوونەوەى نەیارەکانى ئەمەریکا لەڕێگەى سەپاندنى سزاکانەوە.