گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێ دەبێتە شوێنگرەوەی حەلبوسی؟

میدیاکانی عێراق: جموجوڵەکانى شوێنگرەوەى محەمەد حەلبوسى دەستى پێکردووە

2020.10.29 - 16:54
میدیاکانی عێراق: جموجوڵەکانى شوێنگرەوەى محەمەد حەلبوسى دەستى پێکردووە

ناس کورد-

چەند میدیایەکی عێراق لەزاری چەند سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە ئاشکرایان کردووە، خالید عوبێدى ئامادەسازییەکانى بۆ شوێنگرتنەوەى پۆستەکەى محمەد حەلبوسى دەستپێکردووە و بۆ ئەو مەبەستە لەئان و ساتى گەڕانەوەدایە بۆ پەرلەمان و چوونە پاڵ ئەو فراکسیۆنەى کە بەرەى نوێی سوننەکان پێکیانهێناوە.

 

چەند میدیایەکى عێراقى لەسەر زارى سەرچاوە ئاگادارەکانەوە کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردوون (29ى تشرینى یەکەمى 2020) بڵاویان کردووەتەوە، بەمدواییانە خالید عوبێدى، وەزیرى پێشووترى بەرگریى عێراق بەئاگادارى مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیران لەگەڵ سەرۆک کۆماردا کۆبووەتەوە بۆ ئەوەى دەستبەردارى پۆستەکەى بێت لە بەرێوەبەرى جوڵان لەدەزگاى هەواڵگرى نيشتيمانى و بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان کە پیش ڕاسپاردنى بۆ ئەو پۆستە پەرلەمانتار بووە.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، عوبێدى چووەتە پاڵ ئەو بەرە سیاسیە نوێیەى سوننەکان کە ئوسامە نوجێفى سەرۆکایەتى دەکات و ئەو فراکسیۆنەش کە بەسەرۆکایەتى ئەبو مازن لەپەرلەمان پێکیانهێناوە بۆ ئەوەى ئامادەکارى بکات خۆى بۆ پۆستى سەرۆکایەتى پەرلەمان کاندید بکات لەسەر ئەو فراکسیۆنە، ئەوەش دواى ناچار کردنى حەلبوسى بەدەستلەکارکێشانەوە لەپۆستەکەى.

 

ئەو دەنگۆیانەش دواى ئەوە هاتن، لەچەند ڕۆى ڕابردوودا ژمارەیەک پەرلەمانتار و سەرکردەى سوننەکان بەرەیەکى نوێى سیاسیان پێکهێنا بەمەبەستى خۆئامادە کردن بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو و یەکەم ئامانجیشیان کە ڕایانگەیاند لەسەر کار لابردنى محمەد حەلبوسى، سەرۆکى پەرلەمانە بەهاوکارى فراکسیۆنە پەرلەمانیەکانى تر.