ناس کورد-
وەزارەتى ئەوقافى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، سەرپەرشتى هیچ ڕێوڕەسمێکى یادکردنەوەى مەولود ناکەن کە ئەمڕۆ بەو بۆنەیەوە بەڕێوەدەچێت، دەشڵێت"پشتیوانى بڕیارەکەى لیژنەى باڵاى بەرەنگاربونەوەى کۆرۆنا لەهەرێم دەکەین بۆ ئەو مەبەستە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژى وەزارەتى ئەوقافى هەرێمى کوردستان بەناس کوردى ڕاگەیاند (29ى تشرینى یەکەمى 2020) "پێشتر لیژنەى باڵاى بەرەنگاربونەوەى کۆرۆنا بڕیارى ئەنجامنەدانى یادى مەلودى دەرکردووە بەڵام ئێستا ئەو یادە لەلایەن خەڵکەوە دەکرێتەوە ئەوا ئێمە بەرپرس نین لەو کارە و هیچ ڕێوڕەسمێکیشمان بەڕێوە نەبردووە".
وتیىشى "ژمارەیەک لەمزگەوتەکان تەنها دەنگى مایکرۆفۆنەکانیان کردووەتەوە و خەڵکیان تێدا نیە، ئەو مزگەوتانەش کە یادەکە دەکەنەوە ئەوا ئێمە وەکو وەزارەتى ئەوقاف سەرپەرشتى هیچ ڕێوڕەسمێکى یادەکە ناکەین، بەهۆى دۆخى تەندروستى و وەکو پابەندبوونیش بەبڕیارەکانى لیژنەى باڵاى بەرەنگاربونەوەى کۆرۆناوە".
وتەبێژى وەزارەتى ئەوقاف داواش دەکات، لەبەر پاراستنى بەرژەوەندى گشتى و تەندروستى خەڵکى بڕیارەکانى لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا بکەن و ئەوانیش تەنها پاڵپشتى ئەو بڕیارانە دەکەن.
پێشتر لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا لەهەرێمى کوردستان، یادکردنەوەى مەولودى پێغەمبەر محەمەد (د.خ) لەمزگەوت و شوێنە گشتیەکان قەدەغەکرد ئەوەش بەمەبەستى خۆپاراستن لەپەتاى کۆرۆنا و ڕێگریکردن لەتەشەنەسەندنى.