ناس کورد- ئاکۆ حەمەد رابی
تۆپخانەکانی ئێران سەرلەنوێ دەستیان کردەوە بە تۆپبارانی گوندەکانی برادۆست و بەو هۆیەوە گوندنشینان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت.
مەجید حەمەدەمین، موختاری گوندی بن پەرێز بە ناس کوردی ڕاگەیاند (29ى تشرینى یەکەمى 2020): " دوای کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیانکرد بە تۆپبارانکردنی ژمارەیەک گوندی سنوری برادۆست لەناحیەی سیدەکانی سەر بەقەزای سۆران".
ئاماژەی بەوەشکرد ، هەریەک لە گوندەکانی دەرهۆڵ، بن پەرێز، کەتینە و بن ڕەشکین تۆپباران کران و تائێستاش بەشێوەی پچڕ پچر تۆپبارانەکە بەردەوامە.
ئەو موختارە باسی لەوەشکرد کە دانیشتوانی گوندە تۆپبارانکراوەکان لە ترسی تۆپبارانەکە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت.
لەبارەی زیانەکانیشەوە وتی، خۆشبەختانە تۆپبارانەکە هیچ زیانێکى گیانی بەدواوە نەبووە.