گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئاژانسی توركیا: شاندی پەرلەمانی هەرێم پاڵپشتی لێدوانەكانی ماكرۆنیان كردووە دژی ئیسلام

2020.10.28 - 22:46
App store icon Play store icon Play store icon
ئاژانسی توركیا: شاندی پەرلەمانی هەرێم پاڵپشتی لێدوانەكانی ماكرۆنیان كردووە دژی ئیسلام

ناس کورد-

ئاژانسى هەواڵى تورکیا سەردانەکەى ئەمڕۆى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان و بەشێک لە سەرۆکى فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستانى بۆ کونسوڵخانەى فەڕەنسا لە هەرێم وەک پاڵپشتیکردن لە لێدوانەکانى سەرۆکى فەڕەنسا دژى ئیسلام لێکدایەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ئاژانسەکە لە هەواڵێکدا کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوە کردووە (28ى تشرینى یەکەمى 2020)، "وەفدێک لە پەرلەمانى هەرێمى کوردستان سەردانى کونسوڵخانەى فەڕەنسایان کرد لەشارى هەولێر بۆ جەختکردنەوە لەسەر هەڵوێستى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لە پاڵپشتیکردنى فەڕەنسا و ئیمانوئێل ماکرۆن، سەرۆکى فەڕەنسا لەو لێدوانە دژانەى کە بەرامبەر بە ئیسلام و موسڵمانان کردنى".

 

(28ى تشرینى یەکەمى 2020) هێمن هەورامى، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان بەهاوەڵى سەرۆکى فراکسیۆنەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و پێکهاتەکان سەردانى کونسڵخانەى فەڕەنسایان لە هەولێر کرد و لە میانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا هەورامى وتى "فەرەنسا تاکە پشتیوانى راستەقینەى هەرێمى کوردستانە، هەر هەڵوێستێک لەهەر پەرلەمانتارێکەوە بەرانبەر بەو وڵاتە گوزارشت لە پەرلەمان و هەرێمى کوردستان ناکات".   

 

وتیشى "هەڵوێستى فەرمى ئێمە ئەوەیە کە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنى فەڕەنسا و هەڵوێستەکانى، ئیدانەى هەر جۆرە لێدوان و دەربڕینێک دەکەین کە پێکەوەژیانى ئاینەکان نادیدە بگرێت".   

 

ئەوە لەکاتێکدایە 25 ئەندامى پەرلەمانى کوردستان (2020/10/26) یاداشتێکى نیگەرانییان ئاڕاستەى کونسوڵى فەرەنسا لە هەرێم کرد لەبارەى لێدوانەکانى ئەم دواییەى سەرۆکى ئەو وڵاتە لەسەر ئیسلام کە کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە.     

 

ماوەیەكە پەیوەندی جیهانی ئیسلامی و كۆماری فەرەنسا گرژی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، لەدوای سەربڕینی مامۆستایەكی فەرەنسی كە كاریكاتێری لەسەر پێغەمبەری ئیسلام كردبوو قەیرانەكە قووڵتر بووەتەوە.       

 

لەدوا پێشهاتی ئەو ئاڵۆزییەشدا ماكرۆن هەڵمەتێكی گەورەی بەرپاكردووە بۆ دژایەتی دیاردەیەك كە ناوی ناوە "تیرۆری ئیسلامی" لەم میانەیەشدا رێگەی داوە بە نمایشكردنەوەی كاریكاتێرەكان كە موسوڵمانەكان بە سوكایەتی و بێڕێزی دژ بە پێغەمبەری لەقەڵەم دەدەن.