ناس کورد-
ليژنەى دارايى پەرلەمانى عێراق دابينكردنى موچە و دوانەخستنى بە بەرپرسيارێتى حكومەت دەزانێت و نوسراوێكيشى ئاراستەى سەرۆك وەزيران كردوە سەبارەت بە بۆچونى ليژنەكە لەسەر دەستبەرداربونى ياساى قەرز.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ليژنەى دارايى پەرلەمانى عێراق لە راگەیەندراوێکدا کە ناس کورد بینیویەتى ئاماژەى بەوە کرد (28ى تشرينى يەكەمى 2020)، "ميواندارى كاديرێكى پێشكەوتوى وەزارەتى داراييان كردوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ياساى پڕكردنەوەى كورتهێنان و هۆكارى دواكەوتنى ناردنى بودجەى 2020 و نرخى نەوت.
ڕونيشكراوەتەوە، ليژنەكە داواى كردوە ڕونكردنەوەى شەفاف سەبارەت بەو بڕە قەرزەى داواكراوە پێشكەش بكات كە پێيان وايە زيادەڕەوى تێدايە بە لەبەرچاوگرتنى خەرجيەكانى حكومەت تا 31\8\2020.
لاى خۆيەوە هەيسەم جبورى سەرۆکى ليژنەكە باسى لەوە كردوە، بەرپرسارێتى حكومەت دابينكردنى موچەيە لەكاتى دياريكراوى خۆيدا، لە هەمان كاتدا تەركيز نەخستنە سەر سياسەتى قەرز كە مەترسيەكى گەورە لەسەر بارودۆخى ئابوريى وڵات دروست دەكات و هەڕەشەيە لەسەر داهاتوى نەوەكان.
جەختیشى كردوەتەوە، پێشتر ليژنەكەيان چارەسەر و هەنگاوى چاكسازى پێشكەش بە حكومەت كردوە كە دەبێتە هۆى زيادكردنى داهاتە نانەوتيەكان و وەستاندنى بەهەدەردانى پارەى گشتى، هەروەها نوسراوێكيان ئاراستەى سەرۆك وەزيران كردوە بۆچونى ليژنەكەى تێدايە سەبارەت بە دەستبەردابونى ياساى قەرز، بەتايبەتى دواى لێدوانەكانى وتەبێژى فەرمى حكومەت سەبارەت بە بونى چارەسەرى تر بۆ دابينكردنى موچە ئەگەر پەرلەمان ياساى قەرزى پەسەند نەكرد.