گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواکەوتنى موچە لەسەر مێزى پەرلەمان..وەزارەتى دارایی بانگهێشتدەکرێت

2020.10.28 - 08:11
دواکەوتنى موچە لەسەر مێزى پەرلەمان..وەزارەتى دارایی بانگهێشتدەکرێت

 

ناس کورد-

 

لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق و ژمارەیەک لەبەرپرسانى وەزارەتى دارایى کۆدەبنەوە و تاوتوێی پرس دواکەوتنى موچە دەکەن، ئەندامێکى لیژنەکە هۆشدارى لە چاپکردنى پارە دەدات بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى دارایى.

 

جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایى لەپەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەى سەباحى فەرمى راگەیاندووە (28ى تشرینى یەکەمى 2020)، ئەمڕۆ میواندارى بەرپرسانى وەزارەتى دارایی دەکەن بۆ تاوتوێکردنى پرسی دواکەوتنى موچە، لە رۆژانى داهاتووشدا میواندارى وەزیر دەکەن.

 

وتیشى "دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران پەیوەندى بەیاسای قەرزکردنەوە نییە و دەبێت حکومەتیش لەوە تێبگات و ڕێگەشى پێنادەین پێدانى موچە بەدۆخى یاساکەوە ببەستێتەوە، قەرزکردنەکە ناگاتە 15 تریلیۆن دینار چونکە حکومەت تەنها پێویستى بەو بڕەیە".

 

کۆچەر دەشڵێت، یاساکە بەئاسانى تێپەڕنابێت و هەندێک لایەن لەگەڵ ڕەتکردنەوەیدان و هەندێکى تر لەگەڵ تێپەڕینیدان ئەوانەى کە ڕەتیدەکەنەوە دەڵین عێراق خۆى 128 ملیار قەرزارە و نابێت دۆخەکە قورستربکرێت بەقەرزکردن.

 

موچەى ئەم مانگەى فەرمانبەرانى عێراق لەوادەى خۆى دواکەوت و حکومەتیش هۆکارەکەى بۆ نەبوونى پارە گەڕاندەوە، بۆ دوبارە نەبوونەوەى ئەوەش پڕۆژەى قەرزکردنى رەوانەى پەرلەمان کردووە تا لەو رێگەیەوە پێدانى موچە گەرەنتى بکات.