گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەت پلانی خۆی بۆ پارێزگای هەڵەبجە ئاشکرا کرد

2020.10.27 - 23:44
حکومەت پلانی خۆی بۆ پارێزگای هەڵەبجە ئاشکرا کرد

ناس کورد-

سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران رایگەیاند، لەگەڵ پارێزگاکان پلانێکى شەش مانگى دادەڕێژن بۆ ئەوەى بتوانن زیاتر هەماهەنگى لەنێوانیان دروست بکەن، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی هەڵەبجە دەکەن.

 

ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسى هاوبەشدا لەگەڵ پارێزگارى هەڵەبجە ( 27ی تشرینی یەکەمی 2020) رایگەیاند، سەردانى پارێزگاى هەڵەبجەیان کردووە بۆ ئاگاداربوون لە دۆخى ئەو پارێزگایە و کردنەوەى چەند بەڕێوەبەرایەتییەکى نوێ.



وتیشى، کاردەکەن بۆ کردنەوەى بەڕێوەبەرایەتییەکانى وەبەرهێنان و گەشتوگوزار لە پارێزگاى هەڵەبجە، دەسەڵاتیش دراوە بە پارێزگار بۆ پڕکردنەوەى کەمى میلاکات. 

 

د. ئومێد سەباح باسی لەوەش کرد کە لە پارێزگای هەڵەبجە کێشەی کارگێڕی هەیە کە بەشێکیان پەیوەندییان بە پێکنەهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگاوە هەیە و گفتوگۆیان لە بارەی ئەوەوە کردووە کە بەسەر ئەو بابەتەدا زاڵ ببن. هەروەها دەسەڵاتی پێویستیشیان بە پارێزگار داوە کە کورتهێنانی میلاکات چارەسەر بکات.

 

ئومێد سەباح ئەوەشی خستەڕوو کە بەڵێنیان داوە پێداویستییەکانی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە جێبەجێ بکرێن و هاوکات گوتیشی کە باسیان لە دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکی وەبەرهێنان بۆ پارێزگای هەڵەبجە کردووە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی زیاتر بۆ پاریزگاکە رابکێشن.

 

ئاشکراشی کرد کە باسیان لەوە کردووە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار بۆ پارێزگای هەڵەبجە بکەنەوە و کاری بۆ دەکەن.

 

لەبارەی پرۆژەی پردی تووەقوتەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە، ئومێد سەباح وتی، "سەرۆکی حکومەت پەسەندی کردووە و تەنیا ئەوە ماوە دەرخستەکەی لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندبکرێت."



ئومێد سەباح باسى لەوەشکرد، سەردانى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانى دیکەش دەکەن و پلانێکى شەش مانگى ئامادە دەکەن بەتایبەتى کە ئێستا وەرزى زستان بەڕێوەیە و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە هەماهەنگى زیاتر بکەن لەنێوانیاندا.