گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاپۆرتێكی لەندەنی: هەرێم قەیرانی دارایی بە ریكلامی ئاسایش پەردەپۆش دەكات

2020.10.27 - 22:30
ڕاپۆرتێكی لەندەنی: هەرێم قەیرانی دارایی بە ریكلامی ئاسایش پەردەپۆش دەكات

ناس کورد-

رۆژنامەی ئەلعەرەبی چاپی لەندەن بڵاویكردەوە، هەرێمی كوردستان لە گێژاوی قەیرانی سەختی دارایی خۆیدا ڕیكلام بۆ ڕۆڵی ئەمنیی خۆی دەكات وەك هاوبەشی توركیا و پەناگەیەك بۆ هێزەكانی ئەمەریكا. 

 

ڕۆژنامەكە لە ڕاپۆرتێكدا كە "ناس كورد" خوێندنەوەی بۆ كردووە (سێشەممە، 27 تشرینی یەكەمی 2020) دەڵێت، هەرێمی کوردستان کە ناوبانگ و شانازی خۆی لای وڵاتانی هەرێمی و جیهانی بەستووەتەوە بە "سەقامگیری" ناوچەکانی ژێردەستی بەراورد بە ناوچەکانی تری عێراق، دووبارە دەیەوێت بانگەشە و ڕیکڵام بۆ ڕۆڵی ئەمنی خۆی بکات بە تایبەت کە ئەمریکا پێویستی بە پەناگەیەکی ئارام هەیە بۆ هێز و نێردە دیبلۆماسییەکانی لە عێراق، هەروەها تورکیای دراوسێشی پێویستی بە هاوبەشێکی باوەڕپێکراوە هەیە لە شەڕ و ئۆپراسیۆنەکانیدا لەدژی گەریلاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەکەکە). 

 

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت، "هەرێم خوازیارە ئەو ڕۆڵە ئەمنییە سود و قازانجی دارایی دەرەکی پێ بەدەست بهێنێت بە تایبەت لەم دۆخەی ئێستادا کە قەیرانی ئابوری تەنگی پێ هەڵچنیوە بەڕادەیەک گەیشتووەتە ئەوەى نەتوانێت موچە فەرمانبەرانی بدات بەهۆی ئەوەى بەغدا ناردنی بودجەى ڕاگرتووە و نرخی نەوتیش دابەزیوە.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لەبارەى پوچەڵکردنەوەى پیلانی هێرشی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە پەکەکە فشارێکی بێ پێشینەی لەسەرە بەهۆی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر بنکە و بارەگاکانی لە هەرێمی کوردستان و هەروەها لەلایەن بەرپرسانی عێراق و کوردستان.

 

دوێنێ ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بە پوچەڵکردنەوەى چەند هێرشێکى تێکدەرانە دەکات لە هەرێمى کوردستان.  

  

لە راگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە ئاماژە بەوە کراوە (26ى تشرینى یەکەمى 2020)، هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە چەند رۆژی رابردوودا چەند هێرشێکی تێکدەرانەیان لە هەرێمی کوردستان پووچەڵ کردەوە و چەندین کەسیشیان دەستگیرکرد کە پەیوەندییان لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکاندا هەیە.  

  

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئاسایشدا، دوو پیلان پووچەڵکرانەوە کە یەکێکیان لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) پلانی بۆ دانرابوو بەڵام خۆشبەختانە بە هاوکاریی و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگریی و دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان پووچەڵکرانەوە. هەندێک لە پیلانداڕێژەرانی ئەم هەوڵانە، پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی عێراق و دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپاوە هەیە و لە لایەن ئەوانەوە ئاراستەکراون. ئەو کەس و لایەنانەی کە بڕیار بوو بکرێنە ئامانجی ئەم هێرشە تیرۆریستیيانە، ئاگادارکراونەتەوە و رێکاریی پێویستیش، لەپێناو پاراستنی دیپلوماتکاران و خاوەنکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر".